بۆ چاککردنی رێگاکانیان دانیشتووانی گوندی گەڵاڵە داوای هاوکاری دەکەن

964+

پێشەوا محەمەد

بەهۆی لافاو و بارانەوە رێگاکانی هاتوچۆی گوندی گەڵاڵە تێکچوون و بۆ چاککردنەوەشیان دانیشتووانی گوندەکە داوای هاوکاری دەکەن.

رێگاکە لە دۆڵبێشکەکانی خوار گوندی قامیشەوە تا ناو گەڵاڵە تێکچووە و لەناو گوندەکەش رێگاکانی چوونە ناو باخ خراپبوون و ئۆتۆمبێل ناتوانێت پێیاندا بڕوات.

گوندی گەڵاڵە دەکەوێتە ناوچەی شارباژێڕ سەر بە قەزای ماوەت و 58 کیلۆمەتر لە سەنتەری پارێزگای سلێمانییەوە دوورە.

حسێن حاجی قادر، سەرپەرشتیاری چاککردنەوەی رێگەکانی گوندی گەڵاڵە بە 964ی راگەیاند، بە یارمەتی هەندێ خێرخواز سەرقاڵی چاککردنی رێگاکەن.

وتیشی، “پێویستمان بە هاوکاری زیاترە و رێگاکانی ناوباخ و هاتوچۆی جوتیاران نزیکەی سێ ملیۆن دیناری پێویستە”.