ئیشی چییە؟

یەکێتی ئەوروپا “کۆپەرنیکۆس” بۆ ئێران چالاک دەکات

بەهرە محەمەدئەمین

یەکێتی ئەوروپا مانگە دەستکردەکانی بۆ گەڕان بە دوای هێلیکۆپتەرەکەی رەئیسی چالاک دەکات

کۆمیساریی کاروباری مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەکانی یەکێتی ئەوروپا ڕایگەیاند: خزمەتگوزاری نەخشەسازی مانگی دەستکردی ئەوروپا بۆ دۆزینەوەی شوێنی کەوتنەخوارەوەی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە سەرۆک کۆماری ئێرانی هەڵگرتبوو، چالاک کرا.

یانز لینارچیچ کۆمسیاری ئەوروپا بۆ بەڕێوەبردنی قەیرانەکان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند: لەسەر داواکاری ئێران بۆ هاوکاری، ئێمە خەریکی چالاککردنی خزمەتگوزاری نەخشەسازی وەڵامدانەوەی خێرای کۆپەرنیکۆسی یەکێتی ئەوروپاین، سەبارەت بە رووداوی ئەو هێلیکۆپتەرەی کە سەرۆکی ئێرانی هەڵگرتبوو.

بەرنامەی کۆپەرنیکۆس گەورەترین بەرنامەی چاودێری زەوییە لە جیهاندا، کە لەلایەن کۆمیسیۆنی ئەوروپا بە هاوکاری ئاژانسی بۆشایی ئاسمانی ئەوروپا ئەنجام دەدرێت.

میدیای حکومەتی ئێران دەڵێت، هێلیکۆپتەرەکەی سەۆک کۆمار و هاوڕێکانی لە نزیک گوندی ئۆزی لەناو دارستانەکانی ئارسباران کەوتووەتە خوارەوە.

میدیاکە راشیگەیاندووە، تیمەکانی فریاگوزاری لە هەوڵی گەیشتن بە شوێنی کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە دەدەن.

عه‌لی به‌هادۆری جه‌هرۆمی، وتەبێژی حکومەتی ئێران کەمێک پێش ئێستا وتی، هیچ هەواڵێکی نوێ لەبارەی سەرۆک کۆمار و هێلیکۆپتەرەکەیانەوە نییە و ئەو هەواڵانەی بڵاودەبنەوە هیچیان دڵنیاییان نییە.

سەرۆک کۆماری ئێران، وەزیری دەرەوە و ژمارەیەک بەرپرسی حکومەت، هاوشانی پارێزگاری ئارەربایجانی رۆژهەڵات لە کردنەوەی پڕۆژەیەکی هاوبەشی بەنداو بوون لە ئازەربایجان، لە رێگای گەڕانەوەیان بە فڕۆکە بۆ تاران، ناجێگریی کەشوهەوا پەیوەندی فڕۆکەکانی لەگەڵ بنکەکانیان پچڕاندووە.

کۆمەڵەی مانگ سووری ئێرانی، تا ئێستا هەواڵی دۆزینەوەی هێلیکۆپتەرەکە بە درۆ دەخاتەوە.