وێنەی ئەپڵیکەیشنی SAFE YOU
ئەپڵیکەیشنێک بۆ ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت دەکەوێتەکار
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان رایگەیاندووە، ژنان و کچان دەتوانن ئەپڵیکەیشنی SAFE YOU بەکاربێنن بە تایبەت ئەوانەی رووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە، بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان، خولێکی راهێنانی بۆ کۆمەڵێک فەرمانبەری بەڕیوەبەرایەتییەکە کردووەتەوە، بۆ راهێنانیان لەسەر ئەپڵیەکەیشنی SAFE YOU.
بەڕیوەبەرایەتییەکە دەیەوێت، ئەم ئەپە وەک هاوکارییەک بڵاوبکەنەوە بۆ ئەو ژن و کچانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت، ئەمە بە وتەی جەمال رەسوڵ، بەرپرسی بەشی ئەفسەران و سەرپەرشتیاری پڕۆژەکە، کە بە لاپەڕەی بەڕیوەبەرایەتییەکەی راگەیاندووە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک.
ئەپڵیەکەیشنی SAFE YOU لە هەردوو بەرنامەی IOS و Android کاردەکات، بەجۆرێک ژمارەی هەریەکە لە فریاگوزاری و ئاسایشی لەسەر جێگیرکراوە، دەبێت بەشداربوو سەرەتا خۆی تۆماربکات، دواتر لۆکەیشنی دیاریی دەکات بە شێوەیەکی راستەوخۆ بەو سیستمە دەبەسترێتەوە، کە بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان دروستی کردووە بۆ هاوکاری ئەو ژنانەی توندوتیژیان بەرامبەر دەکرێت.
ئەپڵیەکەیشنی SAFE YOU لە هەریەکە لە هەرێمی کوردستان و وڵاتەکانی ئەرمینیا و جۆرجیا کاردەکات و تا ئێستا 25 هەزار بەکارهێنەری هەیە.