چاویلکەی هەتاوی لە شێرپەنجەی پێست بە دوورت دەگرێت

964+

فەرمان سادق

لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین خواست لەسەر چاویلکەی هەتاوی زیاد دەکات، توێژینەوەکانیش ئەوەیان سەلماندووە بۆ پاراستنی پێستی دەوروبەری چاو.

دکتۆر فالنتینا میرکولوفا، پزیشکی پسپۆری چاو دەڵێت، گرنگە لە وەرزی هاوین چاویلکەی هەتاوی لە چاو بکرێت بۆ پارستنی پێستی دەوروبەری چاو لە تیشکی سەروو بنەوشەیی.

دکتۆر فالنتینا میرکولوفا، ئەو قسانەی بۆ گۆڤاری گازاتا کردووە و باس لەوەش دەکات کە نەک تەنیا چاویلکەی هەتاوی، بەڵکو پێویست دەکات کرێمی خۆپارێزیش لە تیشکی بنەوشەیی لە دەوروبەری پێستی چاو بدرێت لە وەرزی هاوین.

زیاتر وتیشی “کاتێک زیاد لە پێویست تیشکی بنەوشەیی لە دەوروبەری چاو دەدات ئەوا دەبێتە خێرا پیربوونی پێستی دەوروبەری چاو، ئەمەش هۆکارگەلێکی مەترسیدارە بۆ تووشبوون بە هەندێک نەخۆشی چاو، هەروەها مەترسی تووشبوونیش بە شێرپەنجەی پێست زیاد دەکات”.

بە قسەی ئەو دکتۆرە پسپۆڕە بێت، پێویستە چاویلکەکان فلتەری هەبێت، بۆیە باشترە لە چاویلکەسازەکان چاویلکەی هەتاوی بکڕیت.

چاویلکەی هەتاوی بەسەر چەند جۆرێک دابەش دەبن بەگوێرەی جۆری شوشەکەی، ئەوانەی شوشەکەیان لە ئاستی یەکەم دایە، بە کەڵک دێت بۆ کەشێکی هەوری بەکار دێت، ئەوانەی پلەی دووەم بۆ جەوێکی خۆرەتاوی پێویستن و شوشەی ئاستی سێیەمیش بۆ کەناراوەکان و پلە چواریش بۆ شاخەوانی.