"پارە وەردەگرن و کچەکە بلۆک دەکەن"
پۆلیسی راپەڕین: باندێک پەیدابوون بەناوی رێکخستنی هاوسەرگیرییەوە کچان هەڵدەخەڵەتێنن
964+
کاکەلاو عەبدوڵا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین هۆشدارییەکی بۆ دانیشتوانیی ئیدارەکە بڵاوکردەوە و دەڵێت، باندێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان پەیدابوون بە ئەکاونتی ساختە بەناوی نوسینگەی هاوسەرگیری کوڕان و کچان بە یەکتری دەناسێنن، بەڵام دواتر ئەو کوڕەی بە کچەکە ناسێندراوە داوای پارە لە کچەکە دەکات و بلۆکی دەکات.
پۆلیسی راپەڕین لەبارەی کاری ئەو باندەوە دەڵێت، “کوڕەکە بە بیانوی نەبوونی پارە بۆ گواستنەوەی کچەکە و شوێنی نیشتەجێبوون، داوا لە کچەکە دەکات پارەی بۆ بنێرێت تا ئامادەکاری بۆ هاوسەرگیرییەکە بکات، دواتر کە پارەکە وەردەگرێت راستەوخۆ کچەکە بلۆک دەکات.”
پۆلیسی راپەڕین داوا لە دایک و باوکان دەکات رێنمایی کچەکانیان بکەن نەکەونە داوی ئەو کەسانەوە کە دوورن لە هەموو بەهایەکی ئەخلاقی، ئایینی و مرۆڤایەتی و هەڵدەستن بە فریودانی کچی خەڵک لەبەرامبەر بەدەستهێنانی پارە و زانیاری کەسی.