وێنە: سۆشیال میدیا
یانەی بەختیاری لەسەر بردنەوەکانی بەردەوامە
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
یانەی بەختیاری لەسەر ئەنجامە باشەکانی بەردەوامە و لەم هەفتەیەشدا شکستی بە خورماڵ هێنا.
یارییەکانی گەڕی شەشەم لە کۆمەڵەی یەکەمی خولی یانە پلە دووەکانی کوردستان بەرێوەچوو، یانەی بەختیاری لەدەرەوەی یاریگای خۆی بووە میوانی خورماڵ.
تایمی یەکەم یاریزانانی میوان ئاستێکی بەرزیان پێشکەشکرد و توانیان لە خولەکەکانی 29 و 45 دوو گۆڵ لە رێگەی عیسا ناسح و دیدار ئاسۆ وە تۆماربکەن.
گێمی دووەم یاریزانانی خورماڵ بە هێرشبردن دەستیان پێکرد و کارزان مستەفا لە خولەکی 62 جیاوازییەکەی کەم کردەوە و گۆڵی یەکەمی بۆ تیپی خاوەن یاریگا تۆمارکرد، تەنیا دوای دوو خولەک لەم گۆڵە رێبەند سەعدی گۆڵی سێیەمی بە یانەی بەختیاری بەخشی، یارییەکە بەم ئەنجامەش کۆتایی نەهات.
لە دوای چەند هێرشێک و لە خولەکی 80 بۆ جاری دووەم کارزان مستەفا سەردانی گۆڵی بەختیاری کرد و یارییەکەش بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە بەرژەوەندی بەختیاری کۆتایی هات.
بەم سەرکەوتنە یانەکەی شاری سلێمانی لە کۆی پێنچ یاری چوارەم بردنەوەی دەستەبەرکرد و بەکۆی 11 خاڵ و بە جیاوازی گۆڵ پلەی دووەمی ریزبەندی کۆمەڵەکەی گرتووە، یانەی خورماڵیش بە کۆی چوار خاڵ لە پلەی شەشەمدایە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی