لەسەر فرۆشتنی دەرمان خاوەنی ژمارەیەک نۆرینگەی یاریدەدەری پزیشکی سزا دران

964+

فەرمان سادق

لەسەر فرۆشتنی دەرمان و دەرچوون لە کاری پیشەیی ژمارەیەک خاوەن نۆرینگەی یاریدەدەری پزیشکی سزای یاسایی دران و دەستیش بەسەر بڕێکی زۆر لە دەرماندا گیراوە.

بە مەبەستی چاودێریکردن و رێگریکردن لە مامەڵەکردن بە دەرمان لەلایەن نۆرینگەکانی یاریدەدەری پزیشکی لە شاری هەولێر، تیمی چاودێری بازاڕی بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆلی جۆری دەرمان بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی شارەوانی قایمقامیەتی قەزای ناوەندی هەولێر، هەڵمەتێکیان ئەنجامدا بۆ ژمارەیەک لە نۆرینگەی یاریدەدەری پزیشکی (معاون الطبي) بە مەبەستی پشکنین، لە ئەنجامدا بە هۆکاری مامەڵەکردن و فرۆشتنی دەرمان و دەرچوون لە کاری پیشەییانەی خۆیان لە بەشێک لە نۆرینگەکان دەستبەسەر بڕێکی زۆر لە دەرماندا گیرا کە دوور لە چاودێری پزیشکی دەرمانساز و بێ راچێتەی پزیشکی پسپۆڕ بۆ هاوڵاتیان بەکاردەهێنرا”. بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان (KMCA) لە راگەیەندراوێکیدا کەمێک پێش ئێستا ئەمەی بڵاوکردەوە.

دەشڵێت: ئەمەی کردوویانە پێچەوانەی رێنماییەکانە و بە یاسا قەدەغە کراوە، بۆیە سەرپێچیکاران رووبەڕووی سزای یاسایی کرانەوە.

بەڕێوەبەرایەتی کۆنتڕۆڵی جۆری دەرمان، ئاگاداری گشت نۆرینگەکانی یاریدەدەری پزیشکی دەکاتەوە کە خۆیان بە دووربگرن لە مامەڵەکردن بە دەرمان و دەرچوون لە کاری پیشەییانەی خۆیان بە “پێچەوانەوە بەرەو رووی سزای یاسایی توند دەکرێنەوە”.