تاسەكانی هەولێر بۆیاخ دەكرێن

+964
كوردستان ئەحمەد

هاتوچۆی هەولێر هەڵمەتێكی بۆ بۆیاخكردنی تاسەكانی ناو شاری هەولێر دەستپێكردووە و تەواوی شارەكەش دەگرێتەوە.
هەڵمەتەكە سەرەتا لە تاسەكانی شەست مەتری دەستپێدەكات، دواتر دەچنە سەر سەد  مەتری و شەقامەكانی دیكەی ناوشار.

لەسەر تاسەكە، بە رەنگی سپی، ئەستێرە و سێگۆشە بە بۆیاخی گەرم و فسفۆڕی دروست دەكرێت، فسفۆری نیشانەی ئاگاداركردنەوەش لە سەر تاسەكە دادەنرێت.
فازڵ حاجی وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر لە فەیسبووك نووسیویەتی، تاسەكان رەنگ دەكرێن بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بتوانن تاسەكان ببین و گرفتیان بۆ دروست نەبێت.

لەگەڵ ئەو نووسینەدا چەند وێنەیەكی كارمەندەكانی هاتوچۆی داناوە، لەكاتی كاركردندا سەرقاڵی رەنگكردنی تاسەكانن و بەشێك لە كارەكانیان تەواو كردووە.

ئەم هەڵمەتە لە كاتێكدایە هاتوچۆی هەولێر هەڵمەتێكی بۆ هێڵكاری شەقامەكانی هەولێر دەستپێكردووە، ئێستا شەقامی شەست مەتری تەواو بووە و دوێنێ شەممەش شەقامی شۆرش هێڵكاری كرا.