هێلكە هەرزان بوو
964+
كوردستان ئەحمەد – هەولێر
نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان هەرزان بووە و بۆ یەك كارتۆن پێنج هەزار دینار دابەزیوە.
پێشتر کارتۆنێک هێلکە کە ١٢ تەبەقی تێدایە (هەر تەبەقێک ٣٠ هێلکە) بە ٦٥ هەزار دینارە، ئێستا بووەتە ٦٠ هەزار دینار.
سۆران عەبدولغەفور، بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانی سلێمانی بە +964ی وت، ئەمڕۆ ٤ی كانونی یەكەمی ٢٠٢٢، نرخی یەك كارتۆن هێلكە لە بازارەكانی كوردستاندا بە ٦٠ هەزار دینارە ئەوە لەكاتێكدایە پێشتر بە ٦٥ تا ٦٦ هەزار دینار بووە.
دابەزینی نرخی هێلكە لە بازاڕەكانی هەرێمی كوردستاندا پەیوەندی بە دوو هۆكار هەیە، یەكەم كەمی خواست لەسەر كڕینی هێلكە و دووەم زیادبوونی بەرهەمهێنانی هێلكە لە كارگەكانی بەرهەمهێناندا، بە قسەی سۆران عەبدولغەفور.
بەڕێوەبەری چاودێری بازرگانی سلێمانی وتیشی، ئێستا رێگەنادرێت لە هیچ شوێنێكی دەرەوەی كوردستانەوە هێلكە هاوردەی هەرێمی كوردستان بكرێت و داوا لە هاوڵاتیانیش دەكات هەر كەسێك هێلكەی توركی و ئێرانی دەفرۆشیێت ئاگاداریان بکاتەوە تاوەکو سزایان بدەن.
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ، لە هەرێمی كوردستان ٢٨ پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلكە هەیە و لە رۆژێكدا ١٣ هەزار كارتۆن هێلكە بەرهەم دەهێنرێت، ئەوەش واتە دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن هێلكە لە ساڵێکدا.