لیژنەکانی قایمقامیەت: دڵمان خۆشە زۆربەی شوێنەکان پابەندن
لە دوو مانگدا 180 شوێن لە سلێمانی داخراون
ئەم دوو مانگەی رابردوو لیژنەکانی قایمقامیەت لە سلێمانی 180 خواردنگەو شوێنی جۆراوجۆریان داخستووە، بەڵام لیژنەکە دەڵێت بەوە دڵخۆشن کە 90% شوێنەکان پابەندن بە رێنماییەکانەوە و ئەوەی دادەخرێن تەنیا لە سەدا یەک پێکدەهێنن.
لە مانگی چوار و پێنجی ئەمساڵ لیژنەکانی قایمقامیەتی سلێمانی 16869 سەردانیان کردووە، بینیویانە زۆربەی شوێنەکان پاک و تەمیزن و پابەندن بە رێنماییەکانەوە، بەڵام 180 شوێن سەرپێچییەکەیان گەورە بووە و داخراون، 2035 شوێنیش سەرپێچی جۆراوجۆریان هەبووە و سزا دراون.
ریزبەندی سزاکانی لیژنەکانی قایمقامیەت بەم شێوەیەیە: یەکەمجار کە هەڵەیەک دەبینن شوێنەکە ئاگادار دەکەنەوە و رێنمایی دەکەن، ئەگەر دووبارەی کردەوە پێبژاردنی بۆ دەکەن، ئەگەر بوو بە سێ پێی دادەخەن، خۆ ئەگەر دوای داخستنەکەش هەر سوور بوو لەسەر کارە خراپەکانی، ئەوا دەیدەن بە دادگا.
هیوا ساڵح نوێنەری تەندروستیی سلێمانی لە لیژنەکانی قایمقامیەت قسەی بۆ پەیامنێری 964 کرد و دەڵێ: زۆر دەگمەنە شوێنێک دوای داخرانی سەرپێچی دووبارە بکاتەوە، زۆربەی شوێنەکان دواتر ستاف و شێوازی کارکردنیان دەگۆڕن و جدیتر کار دەکەن، خەڵکیش وشیارە و خۆی سزایان دەدەن.
هیوا ساڵح دڵخۆشە بەوەی زۆربەی شوێنەکان پابەندن، بەڵام ئەمان ئەم ماوەیە گەرموگوڕتر لە جاران ئیش دەکەن، چونکە ترسیان لە بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون هەیە.