هەواڵەکان؛

دەرگای ناوەندەکانی خوێندن کرانەوە و باران و تەرزەش هێشتا ماوە

ژووری هەواڵ

بە خانەنشینانی هەرێم وترابوو، کە ئەمڕۆ موچەکانیان لە دوای کاتژمێر یەکی دوای نیوەڕۆە دابەشدەکرێت، بەڵام بەدواداچوونەکانی 964 لە زۆربەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان چەند کاتژمێرێک مدابەشکردنەکەیان دواکەوت خانەنشینانیش کە زۆرینەیان کەسانی بەساڵاچو و بەتەمەنن بە ناچاری لە چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەکانیان مابوونەوە.

لەمڕۆوە ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەرگاکانیان کردەوە و دوای زیاتر لە 40 رۆژ داخستنیان بەهۆی جەنگەوە، قوتابیان و خوێندکاران ئاشنای ناو پۆل و کتێب و دەفتەرەکانیان بوونەوە.

مام عەلی شوانکارێکى لوتف شیرین و دونیا دیتەیە، لە دەشتی زرارەتی سەر بە هەولێر سەرقاڵی لەوەڕاندنی مەڕ و پەزەکانی بوو، بە زمانێکى خۆماڵیانە لەگەڵ عەبدولعەزیزی پەیامنێر گفتوگۆ دەکات و دەڵێت، لەوەڕ هەیە، بەڵام بارانەکە لێناگەڕێت مەڕەکان تێر بە دڵى خۆیان بلەوەڕێن.

تاوەکو ئێستاش کەشوهەوای هەرێمی کوردستان بارانی لێنەبڕاوە، تەنانەت ئەمڕۆ رێژنە تەرزەیەک ئاسمانی هەولێری گرتەوە، بەڵام ئەوەندە بەهێز و دەنک گەورە نەبوو هاوڵاتیان ئۆتۆمبێلەکانیان دابپۆشن، بەپێی پێشبینییەکانش لە 48 کاتژمێری داهاتوو شەپۆلێکی باران و ناسەقامگیری زۆربەی ناوچەکان دەگرێتەوە، کە بەوهۆیەشەوە پلەکانی گەرما دادەبەزن.