![بۆ دووه‌م هه‌فته‌ی لەسەریەک نرخی نه‌وت دابەزی](https://ku.964media.com/storage/2023/01/نەوت-1-1024x576.jpg)
کێڵگەیەکی نەوت، وێنە سۆشیال میدیا
بۆ دووه‌م هه‌فته‌ی لەسەریەک نرخی نه‌وت دابەزی
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا
نرخی نەوت له بازاڕه‌كانی جیهان دابه‌زینی زیاتری به‌خۆیه‌وه بینی و رۆژی هەینی زیاتر لە دۆلارێك بۆ هه‌ر به‌رمیلێك دابه‌زی، ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه عێراق نرخی به‌رمیلێك فرۆشتنی نه‌وتی خۆی له پرۆژه‌یاسای بودجه‌كه‌یدا به 70 دۆلار جێگیر كردووه.
دوو هەفتەی یەکلەدوای یەکە نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا بەهای كه‌م ده‌بێته‌وه، هه‌رچه‌نده سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو نرخه‌كه‌ی هه‌ندێ به‌رزبووه‌وه، دوای ئه‌وه‌ی سعوودیه رایگه‌یاند له لای خۆیه‌وه به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌مده‌كاته‌وه، به‌ڵام دوێنێ هه‌ینی نرخی یه‌ك به‌رمیل نەوتی برێنت 1.17 دۆلار دابەزی، به جۆرێك بە 74.79 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
هەروەها نرخی نەوتی سووکی تەکساسی ئەمریکا 1.12 دۆلار دابەزی و نرخه‌كه‌ی گه‌یشته یه‌ك به‌رمیلی 70.17 دۆلار.
شاره‌زا و شڕۆڤه‌كارانی بواری بازاڕی نه‌وت، پێشبینیی ده‌كه‌ن نرخه‌كه به‌رز ببێته‌وه، ئه‌گه‌ر ئه‌نجومه‌نی یه‌ده‌گی فیدراڵی (بانكی ناوه‌ندیی ئه‌مریكا) نرخی سووه‌كانی كه‌م نه‌كاته‌وه له كۆبوونه‌وه‌ی داهاتوویدا، كه له 13 و 14ی ئه‌م مانگه ئه‌نجامی ده‌دات.
شڕۆڤه‌كاران ده‌ڵێن، بڕیاری ئه‌نجومه‌نه‌كه كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌نگاوه‌كانی داهاتووی سعوودیه‌ش ده‌بێت.
هاوكات پێنجشەممەی رابردوو دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە ئه‌گه‌ری رێككه‌وتنی ئه‌مریكا و ئێران، نرخی نەوت سێ دۆلار دابه‌زی.
ئه‌و گۆڕانكارییانه له نرخی نه‌وت له بازاڕه‌كانی جیهاندا له كاتێكدایه، عێراق كه یه‌كێكه له وڵاتانی به‌رهه‌مهێنه‌ری نه‌وت، خه‌ریكی په‌سندكردنی پرۆژه‌یاسای بودجه‌كه‌یه‌تی بۆ سێ ساڵی داهاتوو، كه نرخی به‌رمیلێك نه‌وتی به 70 دۆلار جێگیر كردووه.