"شەنگەسورە هەنگی لە كوردستان قڕكرد"

هەنگەوانانی كوردستان دوای بەدەمەوەچوون دەكەن

+964
كوردستان ئەحمەد
لە هەرێمی كوردستان 20 هەزار كورەی هەنگ هەیە كەساڵانە بە بەهای چوار ملیار دینار هەنگوین بەرهەم دەهێنن.

هەنگەكان زۆربەیان دەكەونە كوێستانەكانەوە، زۆربەیان لە بناری پشدەر و بیتوێن و قەندیل و هەورامان و ئاكرێ و ئامێدین.

لە كوردستان ملیارێك و 600 ملیۆن هەنگ هەیە

ئێستا لە هەرێمی كوردستان 20 هەزار كورەی هەنگ هەیە، هەر كورەیەك 60 بۆ 100 هەزار هەنگی تێدایە، واتە بە تێكڕا یەك ملیار و 600 ملیۆن هەنگ هەیە،

لە یەك ساڵدا بەرهەمی هەنگ 500 تۆن هەنگوین بەرهەمهێنراوە كە هەر كیلۆیەك هەنگوین بە 60 هەزار دینار بۆ 100 هەزار دینار فرۆشراوە كە بەتێكڕایی دەكاتە چوار ملیار دینار.

لە یەك ساڵدا بە بەهای چوار ملیار دینار هەنگوین فرۆشراوە

ئەحمەد پشدەری، سەرۆكی كۆمەڵەی هەنگەوانانی كوردستان بە 964ی وت، یەكێك لە گرفتە گەورەكانی هەنگ لە كوردستاندا “شەنگەسورە” یە دوژمنی سەرەكی هەنگە و دەیانگرێت و دەیانخوات، ئەمەش بووەتە كێشەیەكی گەورە بۆ هەنگەوانانی كودستان.

سەرەتای مانگی حەوت شەنگە سورە، گەرادادەنێت و ژمارەیەكی بێشومار دروستدەبن و دەكەونە وێزەی هەنگەكان و دەیانگرن و دەیانخۆن، ئەمساڵ شەنگە سورەیەكی زۆر هەیە، چونكە كەشوهەوا بەدڵی “شا”ی شەنگەسورەكانە و دەتوانن بە ئاسانی پورە لێدەن و گەرا دروستكەن.

شەنگە سورە خەریكە هەنگ لە كوردستان قڕدەكات

شەنگەسورە، مێروویەكی قەبارە بچوكە، خواردنی سەرەكی هەنگ و مێشولەیە، دوو باڵی زەرد و چزوویەكی گەورەی هەیە بە ئاسانی دەتوانێت هەنگ بگرێت و بیخوات.

ئەمساڵ هەنگ لە كوردستان دوو كێشەی گەورەی هەیە، یەكەم كەشوهەوا ساردە و باران و تەرزە زۆربووە ئەوەش بووەتە هۆی ئەوەی كە شیلەی سەر گوڵ نەمێنێت و هەروەها شەنگەسورەیەكی زۆر لە دەوری هەنگەكان كۆببێتەوە،
ئەوەش هۆكاری سەرەكی كەمبونەوەی هەنگە لە كوردستان.

ئەحمەد پشدەری، وتیشی، ئێمە دوو داواكاریمان لە حكومەت هەیە، داوا دەكەین لە بازگەكان زۆر راماننەگرن لە كاتی گەرمیان و كوێستان كردن بە هەنگەكان و داواش دەكەین دەرمانی قڕكردنی شەنگەسورە بەسەر جوتیاران و گوندەكاندا دابەشكەن.

“چاوەڕوان دەكرێت ئەمساڵ بەرهەمی هەنگوین لە كوردستان بگاتە 500 تۆن”

هەنگ، مێرویەكی بچوكە، زیانبەخش نییە، لەرێگەی مێیەیەكەوە لەناو كورەیەكدا گەورە دەبن، شیلەی گوڵ دەمژێت و هەنگوین دروستدەكات، دوو جۆری هەیە مێش هەنگی زەردباوی باڵ سپی ومێش هەنگی رەشباوی باڵ زەرد.