لەسەر رێگای خورماتوو - تکریت

دوو ئۆتۆمبێل پێکیاندادا؛ کەسێک گیانی لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون

سیروان خورشید – خورماتوو

لەسەر رێگای گشتی خورماتوو – تکریت دوو ئۆتۆمبێل پێکیاندادا، کەسێک گیانی لەدەستدا و چواری دیکەش برینداربوون.

رووداوەکە درەنگانی شەوی رابردوو روویداوە، موئەیەد عەباس بەڕێوەبەری هاتوچۆ دەرەکییەکانی خورماتوو بە 964ـی وت، “رووداوەکە لە نێوان پیکابێک و تۆیۆتا کامری بووە، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی تیمەکانی هاتوچۆ دەردەکەوێت کە هۆکاری سەرەکی پێکدادانەکە دەگەڕێتەوە بۆ تاریکی و نەبوونی مەرجەکانی سەلامەتی لەسەر ئەو بەشەی رێگاکە و لەگەڵ تیژڕەوی هەردوو شۆفێرەکە”.

وتیشی، سەرنشینی یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان هەر لە شوێنی رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و چوار سەرنشینی دیکەش برینداربوون، بریندارەکان بۆ وەرگرتنی چارەسەر رەوانەی نەخۆشخانە کراون و تەرمەکەش رەوانەی پزیشکی دادی کراوە.

هەر شەوی رابردوو لەسەر رێگای کۆیە بۆ هەولێر، دوو ئۆتۆمبێل پێکیاندادا و بەهۆیەوە 11 کەس برینداربوون، برینی بەشێکیان سەخت بوو و بۆ چارەسەری پزیشکی رەوانەی هەولێر کران.