گەوڕەکانیش دەڕووخێنن

هەفتەیەک مۆڵەت دەدرێتە خاوەن ئاژەڵەکانی دەربەندیخان

964+
میلاد جەلال

لە قەزای دەربەندیخان ھەر ھاوڵاتیەک ئاژەڵ و پەلەوەر لەناو کۆڵان و گەڕەکەکان بەخێو بکات سزا دەدرێت، قایمقامیش دەڵێت ھەفتەیەک مۆڵەتیان ھەیە.

تۆڕی 964 زانیویەتی ھەڵمەتەکە زیاتر ئەو گەڕەکانە دەگرێتەوە کە خزمەتگوزاری شۆستە و قیریان پێگەیشتووە، بەڵام ئەگەر ھاوڵاتیان سکاڵایان لە هەر گەڕەکێک هەبێت ئەوا ھەڵمەتەکەی پێدەگات.

سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت، “لە ئەمڕۆوە ماوەی ھەفتەیەک مۆڵەت دراوەتە ئەو ماڵانەی کە ئاژەڵ و پەلەوەر بەخێودەکەن لەناو کۆڵانەکان، ئەگەر لە ماوەی ئەو ھەفتەیە گەوڕەکانیان لانەبەن ئەوا لەلایەن تیمەکانی زیادەڕۆیی دەڕوخێندرێن”.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەگەر ھەر ھاوڵاتیەك رێگری بکات بۆ تیمەکانیان ئەوا دەدرێتە دادگا و سزا دەدرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە مانگی رابردوو، لیژنەی هاوبەشی زیادەڕەوی قایمقامیەتی قەزای دەربەندیخان دەستی بەسەر چەند سەر مانگا و ئەسپێکدا گرت، لە شەقام و شوێنە گشتیەکانی قەزای دەربەندیخان.