پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون - وێنە: social media
بۆ جێبەجێکردنی سەوزاییە
%17.5ی نرخی زەوی لە پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون وەردەگیرێت
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
لەمەودوا مۆڵەت بە هیچ پڕۆژەیەکی نیشتەجێبوون نادرێت رەزامەندی دەستەی ژینگەی هەرێمی لەسەر نەبێت و 17.5%ی نرخی زەویشیان لێوەردەگیرێت بۆ سەوزایی چواردەوری پڕۆژەکە.
بە پێی رێککەوتنێکی نێوان دەستەکانی ژینگە و وەبەرهێنان، ئەو پڕۆژانەی جێبەجێکراون و رێژەی سەوزایی پێویستیان نییە ناچار دەکرێن لە دەرەوەی پڕۆژەکانیان رێژەکە تەواو بکەن.
ئەو دوو دەستەیە لەژێر دروشمی “وەبەرهێنانی ژینگەیی” بەیەکەوە کارئاسانی بۆ وەبەرهێنانی ئەو پڕۆژانە دەکەن، کە دۆستی ژینگەن.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێم لە زاری عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی هەرێمەوە ئەمڕۆ پێنجشەممە 8.6.2023 بڵاویکردووەتەوە، نەخشەیەکی نوێی وەبەرهێنان دادەڕێژرێت و مۆڵەتی پڕۆژەکان نوێدەکرێنەوە و پێویستە سەرجەمیان پابەندی لایەنە ژینگەییەکەبن.
ستانداردی دەستەی ژینگەی هەرێم بۆ رێژەی سەوزایی پڕۆژەکان 25%ـە.
“وەرگرتنی ئەو پارەیە لە نرخی زەوی دیاریکراو بۆ وەبەرهێن بۆ هاوسەنگکردنی شارەکان و بەرزکردنەوەی رێژەی سەوزاییە لە هەرشوێنێک پێویست بێت”، محەمەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان وای بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری وتووە.
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم مۆڵەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی تا کاتێکی نادیار راگرتووە.