قایمقامی پێنجوێن: کەمکردنەوەى کارەبا یارییەکی بێتامە

964+
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی

لە پێنجوێن پێدانی کارەبای نیشتمانیی رۆژانە سێ بۆ پێنج کاتژمێر کەمبووەتەوە، قایمقام دەڵێت، ئەگەر ئەمە بەرنامە بێت یارییەکی بێ تامە و خەڵکی لێ ئاگاداردەکەینەوە.

ماوەی ھەفتەیەکە ھەست بە کەمبوونەوەی بڕی کارەبای پێنجوێن کراوە، کە بڕه‌كەی 30 میگاواته‌ بۆ 24 کاتژمێر و زیاتر لە 13 ھەزار ھاوبەشی کارەباشی ھەیە.

پێنجوێن لەو ناوچە سنورییانەیە کە کارەبای بەردەوامی پێ دەدەرێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە 7.6.2023 زانا عه‌بدولڕەحمان قایمقامی پێنجوێن بە 964ـی وت “وای لێ دەخوێنینەوە کەمبوونەوەی کارەبا بەھۆکاری چاکسای وەزارەتی کارەبا بێت کە لە کێڵگەی کۆرمۆر دەستی پێکردووە”.

زانا رەحمان، كه‌ کەسی یەکەمی ئیدارییه‌ لە پێنجوێن دەڵێت “ئەگەر ئەو کەمبوونەوەیە بەرنامە بێت و بیانەوێت کارەبامان کەمبکەنەوە، ئەمە یارییەکی بێتامە و کارێکی زۆر خراپە، ناکرێ ھەموو ساڵێک کارەبا کەمبکرێتەوە و بە خۆپیشاندان چاکبکرێتەوە”.

ئەو وتیشی “ئەگەر ئەمە بەرنامە بێت قسە و ھەڵوێستی خۆمان دەبێت و خەڵکی لێ ئاگاداردەکەینەوە”.

لەبارەی دەنگۆ و بڵاوکراوەی ناڕازی لەلایەن چالاکانی قەزاکەوە و سەرھەڵدانی خۆپیشاندانی ھاوڵاتیانی پێنجوێن، قایمقامەکەیان وتی “نەمبیستووە و نەشمخوێندووەتەوە”.

کەمبوونەوەی کارەبای پێنجوێن مێژوویەکی دووبارەی ھەیە، رۆژی 10.1.2023 خەڵکی ناڕازی نزیکەی مانگێک ھاتنە سەر شەقامەکان و مانیان گرت، کاتێک کارەبایان بووە بە 24کاتژمێر نارەزایەتییان کۆتایی پێھێنا.
پێداچوونه‌وه‌: فه‌رهاد حه‌سه‌ن