%80ـی خەرجییەکانی کەم کراوەتەوە

کۆمپانیاکەت بە 50 هەزار دینار تۆمار بکە

فەرمان سادق

لە چوارچێوەی بە دیجیتاڵ کردنی تۆمارکردنی ناوی بازرگانی، تۆمارکردنی ناوی کۆمپانیا لە ملیۆنێک و 500 هەزار کرایە تەنیا 50 هەزار دینار.

لەمەولا تۆمارکردنی کۆمپانیاکان و کارە بازرگانییەكان بە سیستمی دیجیتاڵی دەکرێت کە رێگەی ماڵپەڕی (business.digital.gov.krd) دەتوانی ناوە بازرگانییەکانیان تۆمار بکەن.

یەکێک لە گرنگییەکانی بە دیجیتاڵکردنی تۆمارکردنەکە ئەوەیە کە تێچوو لەسەر بازرگانان تاوەکو 80% کەم دەکاتەوە، ئەمە بە قسەی بڵند محەمەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان.

دەشڵێت: پێشتر تۆماری بازرگانی لەنێوان 600 بۆ ملیۆنێك و 500 هەزار دینار بوو، بەم سیستمە دەبێتە تەنیا 50 هەزار دینار، كۆی خەرجی گشتی تۆماری كۆمپانیاش ئێستا ناگاتە 150 هەزار دینار.

بەڕێوەبەری گشتی تۆماركردنی كۆمپانیاكان قسەی بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیاری کردووە، پێیوایە ئەو هەنگاوە “كارئاسانییەكی زۆری بۆ خزمەتخوازانی هەرێمی كوردستان و كەسانی بیانی كردووە”.