هۆبەی کشتوکاڵی هەولێر _ وێنە: 964
بەهۆی هەناردەی بەرهەمەكانەوە
بازاڕی بەرهەمی ناوخۆی جوتیاران گەرمە
شۆڕش هەرکی – هەولێر
هەناردەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق، بازاڕی جووتیارانی بوژاندووەتەوە.
بەقاڵێکی عەلوەی هەولێر کە کۆگای هەیە، شایەدی بۆ زۆربوونی جموجوڵ لە بازاڕی سەوزە و میوەفرۆشان دەدات، ئەو بە 964ی وت، جووتیار هەیە رۆژانە پەیوەندی دەکات، بە تۆن بەرهەمی هەیە و دەیەوێت بهێنێتە بازاڕ.
“زۆربەی هەرە زۆری بەرهەمی خۆماڵی پێگەیشتوون و ئێستا لە عەلوەی هەولێر هەن، ئەگەر هاتوو بەرهەمی خۆماڵی بچێتە ناوەراست و خوارووی عێراق، بازاڕی ئێمە دەبوژێتەوە و جوڵەی زیاتر دەکەوێتە بازاڕ”، سەباح کاکەخان کە بەقاڵێکی عەلوەی هەولێرە، وای وت.
ئێستا، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كشتوكاڵی هه‌ولێر، نوسراوی پشتگیری به‌و جووتیارانه ده‌دات، كه به‌روبوومه‌كانیان ره‌وانه‌ی ناوه‌ڕاست و باشووری عێراق ده‌كه‌ن.
هێمن سه‌ید موراد، به‌ڕێوه‌به‌ری كشتوكاڵی هه‌ولێر به 964ی راگه‌یاند، كاره‌كه به ئامانجی به‌بازاڕكردنی به‌روبوومی کشتوکاڵی كوردستانه و هاندانی جووتیارانه، تا به‌رهه‌مه‌كانیان ساغ بكه‌نه‌وه.
وتیشی، رەوشی بازاڕی ناوخۆی كوردستان کاری لەپێشینەی ئەوانە و ئه‌وه‌ی زیاده ره‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت.
پێداچوونەوە: هاوبەش ئەبوبەکر