وەزارەتی كار داوا دەکات تەنیا ٢٥٪ی دەستی کار دەرەکی بێت
964+
کوردستان ئەحمەد – هەولێر
وەزارەتی كار پڕۆژەیاسای رێكخستنەوەی كاری خستووەتە بەردەم پەرلەمانی كوردستان و تێیدا داوا دەکات ٧٥٪ی دەستی کار خۆماڵی بن لەناو کۆمپانیا و خاوەن کارەکان.
كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەتدا بە 964+ی راگەیاند، “پڕۆژەیاساکەمان لە ١٥٠ مادە پێکدێت، داومانەتە پەرلەمانی کوردستان، تێیدا داوامان کردووە ٣٠٪ی ئەو ٧٥٪ە دەستی کاری ژنان بن”.
هەر شوێنێكی كار كە كرێكاری خۆماڵی دەست نەكەوێت و كارەكەی بەشێوەیەك بێت كە پێویستی بە كرێكاری دەرەكی بێت، پێویستە نوسراو ئاراستەی وەزارەتی كار بكات و روونیبكاتەوە بۆچی پێویستی بە دەستی كاری دەرەكی هەیە، تاوەکو رەزامەندی لەسەر بدرێت، وەزیری کار وای وت.
یەکێک لە مادەکانی دیکەی پرۆژەیاساکە، باس لەوە کراوە، کە دەبێت ماوەی کارکردن لە رۆژێکدا زیاتر نەبێت لە هەشت کاتژمێر بۆ رۆژ، بە شەویشدا زیاتر نەبێت لە حەوت کاتژمێر.
لە لایەکی دیکە، گوڵستان سەعید، جێگری سەرۆكی لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان بە 964+ی وت، پرۆژەیاساکە خوێندنەوەی دووەمی بۆ کراوە و بەمزووانە خوێندنەوەی سێیەمیشی بۆ دەکرێت.
هەر لەو پرۆژەیاسایەدا هاتووە، هەر كرێكارێك لە كارەكەی دەربكرێت یاخود لە شوێنی كارەكەی دووربخرێتەوە، دەبێت خاوەن كارەكە پارەی پێویستی بۆدابین بكات تا كارێكی دیكە دەدۆزێتەوە بەو مەرجەی لەسەر بنەمایەكی دروست لە كارەكەی دەركرابێت.
تاوەکو ئێستا لە عێراق و هەرێمی کوردستان کار بە یاسای کاری عێراقی دەکرێت کە کۆتا جار لە ساڵی ١٩٨٧ گۆڕانکاری تێدا کراوە.