روونکردنەوە لەسەر ڤیدیۆیەک دەدەن

نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی: پزیشکی فریاکەوتن 24 کاتژمێر لێرەیە


ئەحمەد مستەفا

نەخۆشخانەی دکتۆر جەمال ئەحمەد رەشیدی منداڵان لە سلێمانی، لە وەڵامی ڤیدیۆیەک کە هاوڵاتییەک بڵاوی کردووەتەوە و تێیدا بانگەشەی ئەوە کراوە بەیانییەک پزیشک بۆ بینینی منداڵانی نەخۆش لە نەخۆشخانەکە نەبووە، روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.

964 بۆ ساغکردنەوەی ڤیدیۆکە و وەڵامی نەخۆشخانەکە پەیوەندی بە بەرپرسانیانەوە کرد، ئەوان وەڵام و روونکردنەوەیەکی تەندروستی سلێمانیان نارد.

بەگوێرەی روونکردنەوەکە، لەوکاتەی هاوڵاتییەکە چووە بۆ نەخۆشخانەکە، پەیوەندی بە نەبوونی پزیشک نەبووە، بەڵکو پزیشکانی بەشی راوێژکاری بەیانیان کۆبوونەوەی زانستییان هەبووە و دوای ئەوە دەوامی بینینی نەخۆشەکان دەست پێدەکەن.

لە وەڵای روونکردنەوەکەدا کە تەندروستی سلێمانی لە زاری نەخۆشخانەکە بڵاوی کردووەتەوە دەڵێت، پزیشکی فریاکەوتن 24 کاتژمێر لە بەردەستدایە و لە حاڵەتە پێویستەکاندا منداڵە نەخۆشەکان دەبینێت.

تەنیا لە بەشی راوێژکاری ئەمڕۆ 8 پزیشکی پسپۆڕ دەوامیان کردووە و 293 منداڵیان بینیوە، ئەوە داتای نەخۆشخانەکەیە و لەبارەی دەوامیان ئەوەی ئاشکراکردووە، پزیشکەکان لە کاتژمێر 9:00 تا 9:15 کۆبوونەوەی زانستییان هەیە و لە 9:15 تا 12:30 نەخۆشەکان دەبینن.

بەپێی ئامارێک، لە مانگی ئەیلولی 2026، چواردە هەزار و 477  منداڵ لە دەوامی بەیانی و بەشی راوێژکاری بینراون و دوو هەزار و 22 منداڵیش داخڵی نەخۆشخانە کراون، لە هەمان ماوەدا، دوازدە هەزار و 101 پشکنینی تاقیگەیی، 188 ئیکۆ، 455 سۆنەر و هەزار و 146 تیشک ئەنجام دراوە.