سلێمانی پاڵەوانیەتی هونەرە جەنگییەکان لەخۆ دەگرێت

964+

یادگار محەمەد – سلێمانی

سەرۆکی فیدراسیۆنی ئێم ئێم ئەی عێراق سەردانی سلێمانی کرد و لەگەڵ ستافی ناوەندی وەرزشی کوردستان کۆبووەوە.

تیمێک لە فیدراسیۆنی وەرزشی هونەرە جەنگییە تێکەڵاوەکانی عێراق (MMA) بە مەبەستی هەماهەنگی و کاری باشتر سەردانی ناوەندی وەرزشی کوردستانی کرد.

(MMA) هەموو یارییەکانی هونەری جەنگی تێکەڵاو دەگرێتەوە.

لە دانیشتنەکەدا هەردوولا قسەیان لەسەر چالاکی هاوبەشی داهاتوو کرد لە یاری (MMA) و پێشخستنی یارییەکە لە عێراقدا، تا لەژێر ناوی هەڵبژاردەی عێراق بەشداری پاڵەوانیەتیە نێودەوڵەتیەکان بکەن.

هیمداد عەلی، سەرۆکی رێکخراوی ناوەندی وەرزشی کوردستان بە 964 رایگەیاند، سەردانی سەرۆکی فیدراسیۆنی عێراق بۆ شاری سلێمانی بەمەبەستی ئەوەیە کە لە نزیکەوە ئاگاداری ئەو پێشکەوتنە بێت کە لە یارییە جەنگیەکاندا بوونی هەیە.

هەروەها وتیشی “سی ئێف ئێڵ، سەر بە ناوەندی وەرزشی کوردستانە و هەموو یارییە هونەرییە جەنگیەکان لەخۆ دەگرێت و ژمارەیەکی زۆر لە پاڵەوانانی ئەم یارییە لەخۆ دەگرێت”.

هیمداد عەلی، ئاشکرایکرد دوای روونکردنەوەی پێویست و پێدانی زانیاری لەسەر ئاست و توانای یاریزانان و هەروەها بەلەبەر چاوگرتنی بەرێوەچوونی پاڵەوانیەتییەکی نێودەوڵەتی لەساڵی رابردوو، هەر بۆیە بریاردرا لە مانگی داهاتوودا پاڵەوانێتی یانەکانی عێراق لەشاری سلێمانی بەڕێوەبچێت و باشترینەکان دەستنیشان بکرێت.

سی ئێف ئێڵ، لەلایەن ناوەندی وەرزشی کوردستانەوە چوار ئیڤێنتی ئەنجامداوە، هەروەها پلانی هەیە لەمساڵدا دوو ئیڤێنتی تر رێکبخات.

پێداچوونەوە: فەرمان سادق