دایك و كۆرپهكهى كهركوك چۆن گیانیان لەدەستدا؟
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
هەفتەی رابردوو، ژنێکی دووگیان لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک گیانی لەدەستداوە، ئێستا کەسوکارەکەی کارمەندانی نەخۆشخانەکە بە “کەمتەرخەم” ناو دەبەن و تەندروستیش دەڵێت، لێکۆڵینەوە دەکەن.
چیرۆکەکە چۆنە؟
رۆژی پێنجشەممەی رابردوو، 31.5.2023، ژنێکی دووگیان رەوانەی بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی ئازادی دەکرێت و دوای چەند کاتژمێرێک مانەوەی لە نەخۆشخانە، خۆی و کۆرپەلەکەی گیانیان لەدەستدا.
ژنەکە ناوی سەنا عەباس بوو، تەمەنی 47 ساڵ و دایکی چوار کچ بوو، مامۆستای بیرکاری بووە له ناوەندی خانزادی کچان لە گەڕەکی رەحیماواى كهركوك.
هاوسەری سەنا چی دەڵێت؟
شاهین محەمەد، هاوسەری مامۆستا سەنا، بە 964ـی وت، ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە هاوسەرەکەی بردووهتە بەشی منداڵبوونی نەخۆشخانەی ئازادی، دوای زیاتر لە سێ کاتژمێر خوشکەکهی و دایکى هاتوون و پێیانوتووه، “ئەو کارمەندانە خێزانەکەت دەکوژن”.
شاهین دهڵێت، “وتیان زەیتی زەیتونیان لە سکی هاوسهرهكهم داوە دەستی پێیدا دەهێنن بۆ ئەوەی بە سروشتی منداڵەکەی بێت، هەروەها بە بۆکس لەناو سکی خێزانەکەمیان داوە”.
ئەو دەڵێت، “کامێرای چاودێری و شایەتحاڵیش هەن، كه منداڵەکە لە نێو سکی سەنادا خنکاوە و گیانی لەدەستداوە”.
بۆچی شاهین تەرمەکانی وەرگرتووەتەوە؟
شاهین باس لەوە دەکات، “دوای ئهوەی تەرمەکەیان رەوانەی هۆبەی پزیشکی داد کرد، پێانوتم گەر بێت و سکاڵا بکەیت نابێت تەرمەکە بنێژرێت تاوەکو سێ رۆژ، دەبێت لەناو سەلاجە بێت، ئەوە بوو وتم سکاڵا تۆمار ناکەم و پاشان هەردوو تەرمەکەم وەرگرتهوه”.
تەندروستی کەرکوک چی دەڵێت؟
دکتۆر زیاد خەڵەف جبوری، بەڕێوەبهری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە وەکالەت بە 964ـی وت، ئەو حاڵەتە لە نەخۆشخانەی ئازادی روویداوە و لیژنەیەکی پزیشکییان بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێناوە.
وتیشی، لیژنەکە ئەمڕۆ یەکشەممە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە، بۆ ئەوەی راستی و دروستی رووداوەکە دەربکهوێت، “ئەگەر هەر کەسێک کەمتەرخەم و هۆکار بووبێت، سزای یاسایی و کارگێڕی دەدرێت”.
پێداچوونهوه: فهرهاد حهسهن