جووتیارێک بە دووکەڵ مێروولەی سەر دار هەنارەکانی لەناودەبات

964+
مەجید بتوێنی

رزگار ئەحمەد، جووتیارێکی دەشتی بتوێنە، باخێکی گەورەی هەناری هەیە، ئەو لە جیاتی دەرمانی قڕکەر دوکەڵ بەکاردەهێنێت بۆ لەناوبردنی مێروولەی شۆکەی سەر دارهەنارەکانی.

شۆکە مێروولەیەکی بچووکە لەم وەرزەدا گەرا لەسەر کروکە و گەڵای هەنار دادەنێت، بەمەش شیلەیەکی چەور دروست دەبێت و زیان بە هەنارەکە دەگەیەنێت.

شۆکە وا لە هەنارەکە دەکات رەقۆڵ دەربچێت و پاشان بتەقێت.

رزگار ئەحمەد لە رێگەی سووتاندنی کا و داروپوش و گیا دوکەڵەکە دروست دەکات و بەناو باخەکەیدا بڵاویدەکاتەوە.

رزگار دەڵێت، سودی لەو بیرۆکەیە وەرگرتووە و بۆی دەرکەوتووە سەرکەوتووە.

کاتێک جووتیارەکە بیەویت ئەو کارە بکات پێویستە لەو رۆژەدا هەور و با نەبێت و دەمەو ئێوارە بێت.

بە قسەی ئەو، ئەگەر دەرمانی قڕکەر بەکاربێت بۆ لەناوبردنی شۆکە، هەم نرخەکەی گرانە هەم زیان بە ژینگە و هەنگ و باڵندە و مێرووەکانی تریش لەناودەبات.

پێویستە ئەم کارە لە 15 رۆژی سەرەتای وەرزی گەرادانانی شۆکە بکرێت.

دوکەڵکردن بۆ هەنار تێچووی ناوێت و ئاسانە.