ئاگربڕ بۆ دارستانەکانی سنوری دەربەندیخان دروستکرا

توانا نەقی

ئاگربڕ بۆ دارستانەکانی سنوری قەزای دەربەندیخان دروستکرا بە ئامانجی پاراستنی دارستانەکان لە سوتان و ئاگر کەوتنەوە.

لیژنەیەکی هاوبەش لە قایمقامیەتی دەربەندیخان لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دروستکراوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی رووداوی ئاگر کەوتنەوە و دروستکردنی ئاگربڕ.

ئاگربڕەکە بۆ دارستانە سروشتی و دەستکردەکانی سنوری دەربەندیخانە.

وەک قۆناغی یەکەم ئاگربڕەکە لە ناوچەی شەمێران بۆ شاخی زەواڵی و دارستانەکانی ناوچەکە دروستکراوە.

سلێمان محەمەد، قایمقامی دەربەندیخان بە 964ی راگەیاند، لیژنەیەکیان دروستکردووە لە پۆلیسی ژینگە و دارستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی تر، تێچووی ئاگر بڕەکەش لە سەر قایمقامیەت خۆی دەبێت.

وتیشی، ئاگربڕەکە ناوچەی دارستانەکانی شەمێران – تاوەگۆزی دەگرێتەوە، هەروەها زەواڵی – شەمێران و ناوچەی کۆکۆیی و شاخی زمناکۆ و ناوچەی بیرکێ و عازەبانیش دەگرێتەوە.

بەهۆی نزیک بوونەوە لە وەرزی هاوین و بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما وەک رێگرییەک لە کەوتنەوەی ئاگر و سوتانی دارستانەکان ئەو ئاگربڕانە دروستدەکرێن.