جگە لە گۆشتی قەدەغەکراو

لە سلێمانی 67 تۆن خۆراک و شتومەکی خراپ لەنێوبراوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

لە ماوەی مانگێکدا بازرگان و فرۆشیارانی سلێمانی ویستویانە نزیکەی 67 تۆن خۆراک و شتومەکی خراپ و ماوەبەسەرچوو بەسەر هاوڵاتیاندا ساغ بکەنەوە.

قایمقامیەتی سلێمانی، رۆژی پێنجشەممە لە فەیسبووک رایگەیاند، رێگریان کردووە لە فرۆشتنی ئەو بڕە لە خۆراک و شتومەک و هەموویان لە شوێنی تایبەتدا لەنێوبردووە.

“ئەو خۆراک و شتومەکانەی لەناوبراون، کاتی بەکارهێنانیان بەسەرچووە، یان بەهۆی خراپ عەمبارکردنەوە خراپ بوون و بۆ بەکارهێنان شیاو نەبوون”، قایمقامیەتی سلێمانی وا دەڵێت.

زۆربەی ئەو خۆراکەی کە لەنێوبراوە بریتیبوون لە میوە، خۆراکی وشکە، چەرەسات، دەرمانی پزیشکی، جوانکاری و مەوادی بیناسازی و پاککەرەوە.

قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، جگە لە ئەو 67 تۆنە، هەر لە ماوەی مانگی رابردوودا، بڕێکی زۆر گۆشتی قەدەغەکراویش دەستیبەسەردا گیراوە و لەنێوابراوە.