بێتواتە: بۆ یەکەمجار بەلەمێکی فریاگوزاری بۆ بەنداوی سەروچاوە دابین کرا.

964+

مەجید بتوێنی –  سەروچاوە

لە ئیدارەی راپەڕین سێ بەلەمی فریاکەوتن هەیە، دووانیان ل ەدەربەندی رانیەن، ئەمڕۆش  بەلەمێکی نوێ  بۆ بەنداوی سەروچاوە لە ناحیەی بێتواتە دابینکرا.

عەلی قادر، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، بەلەمەکە لەسەر ئەرکی شارەوانی بێتواتە بۆ کارمەندانی تیمی مەلەوانی بنکەی بەرگری شارستانی سەروچاوە دابینکراوە تا چاودێری بەنداوی سەروچاوە بکات لە وەرزی هاویندا بۆ سەلامەتی و رزگارکردنی گیانی گەشتیاران و مەلەوانان لە خنکان.

وتیشی تیمەکە شەش کارمەندن ئەرکی چاودێری کردنی بەنداوەکەیان لە ئەستۆدایە.

بەنداوی سەروچاوە لەساڵی 2008 لەلایەن حکومەتی عێراقیەوە لەسەر رووبەری 122 هەزار و 500 مەتر دووجا دروست کراوە، توانای گلدانەوەی یەک ملیۆن و500 هەزار مەتر سێ جا ئاوی هەیە.

لەئێستادا بۆتە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە بۆ ناحیەکەو شوێنێکی گەشتیاری دیاری دەڤەرەکەیە و ساڵانە گەشتیارێکی زۆری ناوخۆیی رووی تێدەکات، لە وەرزی هاویندا بەهۆی قوڵی و ساردی ئاوەکەی ساڵانە رووداوی خنکان تیایدا ڕودەدات.

پێداچوونەوە: توانا نەقی