لە کاتی ئامادەکاریدا گیانی لەدەستدا
964+
دیلان محەمەد جەزا
کارمەندێکی رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لەکاتی هەڵواسینی پۆستەری رۆژی جیهانی منداڵان لە نهۆمی سەرەوەی ئۆفیسی رێکخراوەکە دەکەوێتە خوارەوە و دەستبەجێ گیان لەدەستدەدات.
پەیامنێری 964 دەڵێت، رووداوەکە ئێوارەی دوێنێ روویداوە بەڵام درەنگی شەو مردنی کارمەندەکە راگەیەندراوە.
بینای رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان لە سلێمانی، بە تەنیشت رەنگ گەلەرییە و بینایەکی پێنج نهۆمییە و کارمەندەکە لە نهۆمی سەرەوە کەوتووەتە خوارەوە.
ناوی کارمەندەکە (ئـ . ع.)، دوای کەوتنە خوارەوەی دەبردرێتە پزیشکی دادی سلێمانی و راپۆرتی پزیشکی لەسەر رووداوەکە بۆ دەکەن.
نوعمان عەبدولرەحمان، ئاڕاستەکاری پەیوەندیەکان و ھەماھەنگی لە منداڵپارێزی کوردستان بە 964 راگەیاند، رووداوەکە لە بینای منداڵپارێز روویداوە و سەرقاڵی ئامادەکاری بووین بۆ رۆژی جیھانی منداڵان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 1.6.2023، رۆژی جیهانی منداڵانە لە جیهاندا، ساڵانە رێکخراوی منداڵپارێزی کوردستان دەیان چالاکی جۆراوجۆر بەو بۆنەیەوە ئەنجامدەدات.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق