لە رۆژئاوای کوردستان چی روودەدات؟
964+
کوردستان ئەحمەد – هەولێر
توركیا هێرش دەكات و هەسەدە هەڕەشەی ئازادكردنی دیلەكانی داعش دەكات.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، كاتژمێر سفری بۆ هێرشكردنە سەر رۆژئاوای كوردستان دیاریكردووە و دەڵێت، “بۆ ئۆپراسیۆنەکانمان وەک چۆن مۆڵهت له كهس وهرناگرین، هیچ شتێکیش بۆ كهس روون ناكهینهوه”.
لەم ئۆپراسیۆنەدا توركیا مشتی لە كۆبانێ و رێگەی نێودەوڵەتی ئێم فۆر و بەشێك لە باكوری منبج گرتووەتەوە، دەیەوێت وەك عەفرین لە ٢٠١٨، ئەو ناوچانەش كۆنترۆڵ بكات.
رێگەی ئێم فۆر رێگایەكی نێودەوڵەتی و ستراتیژیی و ئابوورییە كە رۆژئاوای كوردستان و سوریا و وڵاتانی دراوسێ پێكەوە دەبەستێتەوە.
بەرپرسانی باڵای رۆژئاوای كوردستان داوا لە ئەمریكا دەکات هەڵوێستی جدیی هەبێت و رێگە نەدات توركیا ئۆپراسیۆنەكانی لە رۆژئاوای كوردستان بكات، ئەگەر نا ئایندەی بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا لە سوریا دەكەوێتە مەترسییەوە.
“هێزەكانی سوریای دیموكرات ناتوانێت چی دیكە چەكدارانی داعش لە زیندانەكان بهێڵێتەوە كە ژمارەیان ١١ هەزار چەكدارە، كەمپی هۆل لەژێر كۆنترۆڵی رۆژئاوای كوردستاندا نامێنێت، چونكە رۆژئاوای كوردستان دۆخێكی مەترسیدار تێدەپەڕێنێت”، مەزڵوم كۆبانی، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) بەم شێوەیە قسەی بۆ میدیاكان كردووە.
ئەسمەهان داود، نوێنەری ئەنجومەنی نیشتیمانی کوردستانی سوریا (ئەنەكەسە) لە باشوری كوردستان لە گفتوگۆیەكی تایبەتدا لەگەڵ +964 وتی، “دۆخی رۆژئاوای كوردستان زۆر خراپە، توركیا هێرش دەكات، هەموو هەڵەكەش بەهۆی پەكەكەوەیە كە ئاڵای پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستان هەڵدەكات و وێنەی پەكەكە دژی توركیا بەرزدەكاتەوە ئەمە هەڵەیەكی گەورەیە و توركیا توڕەدەكات توركیا دەیەوێت كۆنترۆڵی رۆژئاوای كوردستان بكات بۆ ئەوەی پەكەكە لە سنوری وڵاتەكەی دوور بخاتەوە”.
فەتوحوڵا حسێن نوێنەری پارتی یەکێتی دیموکرات (پەیەدە) لە هەرێمی كوردستان بە +964ی راگەیاند، “دۆخی رۆژئاوای كوردستان زۆر خراپە، پێشتر توركیا هێرشی كردووەتە سەر رۆژئاوای كوردستان و ئێمە بێدەنگ نەبووین، ئێستاش بێدەنگ نابین و رووبەڕووی هەر هێرشێك دەبینەوە كە روو لە رۆژئاوا بكات”.
هەڵوێستەكان لە ناوخۆی توركیاوە دژی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان رووی لە زیادبوونە، حەسەن كۆسەن ئەندامی پەرلەمانی توركیا لە فراكسیۆنی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لە لێدوانێكی تایبەتدا بە 964+ی وت، “رەجەب تەییب ئەردۆغان ئامانجی ئەوەیە كە هیچ كوردێك لە جیهاندا نەمێنێت و شەڕی ئەو لە دژی گەلی كوردە نەك رۆژئاوای كوردستان”.
“لەناو پەرلەمانی توركیا بە توندی ئیدانەی هێرشەكان دەكەین و بەشێویەكی دیبلۆماسی و سیاس لە شەقامەكانەوە رووبەرووی هێرشكان دەبینەوە و هەوڵدەدەین رێگری لە هێرشەكان بكەین، چونكە رۆژئاوای كوردستان چارەنوسی گەلی كوردە”، ئەو ئەندام پەرلەمانەی هەدەپە وای وت.
تا ئێستا رووسیا هیچ قسەیەكی لەبارەی ئۆپراسیۆنە چاوەڕواننەكراوەكەی توركیاوە نییە و لە تازەترین لێدوانیشدا وتەبێژی كۆشكی سپی دەڵێت، “توركیا مافی هەیە رووبەڕووی هەر مەترسییەك ببێتەوە كە روو لە وڵاتەكەی دەكات”.
لە ٢٠١٦ەوە تورکیا چوار ئۆپراسیۆنی سەربازی ئەنجامداوە بۆ سەر خاکی رۆژئاوای کوردستان، بەو هۆیەوە، ١٥٠٠ كیلۆمەتر چوارگۆشەی لە باكووری سوریا كۆنترۆڵكردووە.