بۆ یەکەمجار

هاتوچۆی سلێمانی مۆڵەتی شۆفێریی دەداتە نابیستان

کاکەلاو عەبدوڵا

کەسانی نابیست بۆ یەکەمینجار دەتوانن ببنە خاوەنی مۆڵەتی شۆفێری لە سنووری پارێزگای سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی داوایان لێدەکات بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەکەیان بکەن.

هاتوچۆی سلێمانی بڵاویکردەوە. هەر نابیستێک خۆزیاری بەدەستهێنانی مۆڵەتی شۆفێرییە پێویستە لەپێشدا سەردانی بەڕێوبەرایەتییەکەیان بکات بەمەبەستی وەرگرتنی فۆرمی پێدانی مۆڵەت و ناردنیان بۆ لیژنەی پزیشکی تاوەکو هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت.

بەهمەن عەبدوڵا، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، ئەم هەوڵە یەکەمینجارە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، پێشتر هەوڵی لەو جۆرە هەبووە، بەڵام سەرینەگرتووە.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەدوای ئەوەی خوازیاران هەڵسەنگاندیان بۆ کرا، لەکاتی پرۆسەی وەرگرتنی مۆڵەتی شۆفێری رێنمایی و وانەی تایبەتییان پێدەدرێت تاوەکو بەدووربن لە هەر رووداوێکی نەخوازراو.