هۆبەیەکی نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی - وێنە: socialmedia
زیاتر لە 300 حاڵەت تۆمار کراوە
هەوکردنی پەردەی مێشک لە سلێمانی روو لە کەمبوونەوەیە
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
نەخۆشیی هەوکردنی پەردەی مێشک لە شاری سلێمانی روو لە کەمبوونەوەیە و تا ئێستاش زیاتر لە 300 تووشبوو تۆمار کراون.
پێشتر رۆژانە 10 تا 13 نەخۆش تۆمار دەکران، بەڵام ماوەی دە رۆژێکە ئەو رێژەیە بۆ 5 تا 9 حاڵەتی رۆژانە کەمبووەتەوە.
“هۆشیاری هاوڵاتیان لە سەرچاوەی خواردن و ئاوی پیس و داخستنی قوتابخانەکان هۆکاری سەرەکیی کەمبوونەوەکەیە”، ئەمە وتەی پشدەر عەبدوڵا، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی د.جەمال ئەحمەد رەشیدە بۆ 964.
هەوکردنی پەردەی مێشک حاڵەتێکە تێیدا ئەو پەردەیەی دەوری مێشک و دڕکەپەتک دەدات تووشی هەوکردن دەبێت، جا بە ڤایرۆس بێت یان بەکتریا و زیاتریش منداڵان دەیگرن.
نەخۆشییەکە سەرەتا لە پارێزگای هەڵەبجە و دواتر لە سلێمانی و چەند ناوچەیەکی تری هەرێمی کوردستان دەرکەوت.