ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا کراون کە بە مەلیکە ناسراوە. فۆتۆ: سۆشیاڵ میدیا
چیتر پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلی مەلیکە ناکرێت
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
پشکنین بۆ ئۆتۆمبێلەکانی جۆری تۆیۆتا کراون، کە بە مەلیکە ناسراون، وەستێنرا و ئەو وادەیە کۆتایی هات کە بۆ تۆمارکردنی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانە دیاری کرابوو.
لیوا عەبدولقادر عەزیز، بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم ئەمڕۆ دووشەممە بە 964ی راگەیاند، وادەی پشکنین و تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە مانگێک بوو، لە 30.3.2023 تاوەکو 30.4.2023.
بەڕێوەبەری هاتوچۆی هەرێم وتیشی، “هیچ بڕیارێک نییە بۆ پێدانی تابلۆ بەو ئۆتۆمبێلانە و تەنیا پشکنینیان بۆ کراوە”.
پێشتر فازڵ حاجی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بە 964ی وت، رۆژانە بە دوو شەفت 200 بۆ 250 ئۆتۆمبێل سکان دەکرێن، لە مانگێکدا دەکاتە نزیکەی حەوت هەزار ئۆتۆمبێل کە پشکنینیان بۆ کراوە.
لەبەر ئەوەی ئامێری سکانەر تەنیا لە هەولێر هەیە، بۆیە خاوەنی مەلیکەکان ناچاربوون تەنیا سەردانی بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆی هەولێر بکەن.