وێنەیەک بۆ ئاماژەی جیابوونەوە
ئاماری هاوسەرگیری و تەڵاق لە عێراق
35 هەزار هاوسەرگیری و زیاتر لە 6 هەزار تەڵاق لە مانگی ئەیلوولدا
ئەحمەد مستەفا
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، ئاماری گرێبەستەکانی هاوسەرگیری و حاڵەتەکانی جیابوونەوەی مانگی ئەیلوولی 2026ی بڵاو کردەوە، کە بەپێی ئەو ئامارە، 35,440 گرێبەستی هاوسەرگیری و 6,741 حاڵەتی تەڵاق لە پارێزگاکانی عێراق تۆمار کراون.
ئامارەکە بەبێ هەرێمی کوردستانە.
بەپێی راگەیەندراوی ئەنجومەنەکە، بەغدا لە پێشەنگی پارێزگاکاندا بووە، دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/ڕەسافە 4,740 گرێبەستی هاوسەرگیری و 1,331 حاڵەتی جیابوونەوەی تۆمار کردووە، لە کاتێکدا دادگەی تێهەڵچوونەوەی بەغدا/کەرخ 4,198 گرێبەستی هاوسەرگیری و 1,184 حاڵەتی تەڵاقی تۆمار کردووە.
لە پلەی دوای بەغداشدا پارێزگای نەینەوا دێت، کە لە ماوەی هەمان مانگدا 4,055 گرێبەستی هاوسەرگیری و 678 حاڵەتی جیابوونەوەی تۆمار کردووە.
ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئامارەکانی پارێزگاکانی دیکە جیاواز بوون، بەڵام ئەم داتایانە تەنیا پارێزگاکانی عێراق دەگرنەوە و ئاماری هەرێمی کوردستانیان تێدا نییە.