فستق ئێستا ناسنامەی ڕەواندزە

بە فستق نوێنەرایەتیی رواندز دەکات؛ گەنجێک بەرهەمی باخەکەی هێناوەتە شانەدەر

ئەحمەد شەمزین- هەولێر

لە فێستیڤاڵی پایزەی پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر، گەنجێک بە هێنانی فستقی خۆماڵی نوێنەرایەتیی ناوچەی رواندز دەکات و بەرهەمەکانیشی سەرنجی سەردانیکەرانی پێشانگاکەی راکێشاوە.
مالیک نەجمەدین، ئەو گەنجەیە کە بەرهەمەکەی هێناوەتە پێشانگاکە، بە 964ـی راگەیاند: “ئەم فستقە بەرهەمی خۆمانە، سەرەتا تۆوەکەیمان لە ئێرانەوە هێناوە و لە رواندز متوربەمان کردووە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، بەهۆی ئەوەی تامێکی تایبەت و خۆشتر لە فستقی بازاڕی هەیە، خەڵک خواستێکی زۆری لەسەرە، لە ئێستاشدا نرخی یەک کیلۆ فستقی تەڕ بە 15,000 هەزار دینار دەفرۆشێت.
“نزیکەی 900 دار فستقمان لە کێڵگەکەماندا هەیە، دارەکان خۆڕسکانە گەورە دەبن، بەڵام پێویستیان بە چاودێری و ئاگاداربوونە، بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگەکەش پێویستمان بە 6 کەس هەیە”. مالیک واى وت..
لە پاڵ فستقە خۆماڵییەکەیدا، ئەو گەنجە چەند بەرهەمێکی دیکەشی هێناوەتە فێستیڤاڵەکە، وەک هەنگوین، سرکە و ئاوی جاترە. لەبارەی ئاوی جاترەوە دەڵێت: “بۆ یەکەمجارە هاوڵاتیان ئەم بەرهەمە دەبینن، سوودێکی زۆری تەندروستی هەیە، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی نەخۆشیی رەبۆ و کێشەی تەنگەنەفەسییان هەیە”.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح