بەهۆی مەترسی داڕووخان دوو مانگە پردێکی ناحیەی قەسرۆک داخراوە
هەژین فەتاح – دهۆک
پردێک لە ناحیەی قەسرۆک مەترسی کەوتن و رووخانی لەسەرە و بەهۆیەوە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێل داخراوە.
ئەو پردە بەهۆی لافاوەکەی 12.4.2023 زیانی پێگەیشتووە و هەر بەو هۆیەشەوە لەو کاتەوە تا ئێستا هاتوچۆی لەسەر قەدەغە کراوە.
پردەکە دەکەوێتە سنووری ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان، ناحیەکە بە ناحیەی گردەسێنی سەر بە قەزای ئاکرێ دەبەستێتەوە.
ئەندازیار رێدیر سلێمان، یاردەدەری بەڕێوەبەری گشتی رێگا و بانی دهۆک بە 964ـی وت، لیژنە سەردانی شوێنەکەی کردووە و زیانەکانی دەستنیشانکراوە و داواشمان لە پارێزگاری دهۆک کردووە بۆ چاککردنەوە.
دەشڵێت: هێندەی ئاگادار بین، پارێزگاریش داواکارییەکەی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردووە و چاوەڕێین رەزامەندی لەسەر بدرێت.
پردەکە لە دوای لافاوەکەوە داخراوە و لە ترسی کەوتن هاتوچۆی بەسەردا قەدەغەکراوە.
پێداچوونەوە: فەرمان سادق