بە “قاچاخ” دەهێندرێت و لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت
دیلان محەمەد جەزا
دیاردەی بەنزینفرۆشتن بە دەبە لەسەر شەقامەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکردووە، بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانیش دەڵێت، ئەو بەنزینانە بە “قاچاخ” دێنە ھەرێمی کوردستانەوە.
ئەو بەنزینە لە ئێرانەوە و بە شێوەی قاچاخ لە سنوری پێنجوێن و ھەورامانەوە دەهێندرێتە ناوەوە، لە دەبە دەنرێت و لەسەر شەقامەکان دەفرۆشرێت.
سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان بە 964ی راگەیاند، نوسراوی فەرمی دراوەتە قایمقامیەتی سلێمانی، “لەبەرئەوەی دیاردەیەکی شارستانی نییە و نازانرێت کوالیتی بەنزینەکەی چۆنە”.
بەپێی بەدواداچوونێکی تیمی 964 لە شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود رێژەیەکی زۆری بەنزینفرۆش بوونی ھەیە، لە ھەندێک شوێنی دیکەدا لە نزیک ناوچەی نیشتەجێبوون و زانکۆ و نزیک خواردەمەنییەکان ئەو دەبە بەنزینانە دانراون.
یەکێک لەو بەنزینفرۆشانە بە 964ی وت، دوو جۆر بەنزینیان ھەیە، کەپسی ئێرانی کە 17 لیتری تێدایە و بە 13 ھەزار دینارە، هەروەها فەلی ئێرانی کە 15 لیتری تێدایە و بە 10 ھەزار دینارە.
لە سنوری پارێزگای سلێمانی 275 بەنزینخانەی یاسایی هەن کە 92یان لە ناوەندی شارەکەدان.