یاریزانێكی ریال مه‌درید شوێنی مێسی ده‌گرێته‌وه‌

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

یانه‌ی پاریس سانجێرمانی فه‌ڕه‌نسی له‌گه‌ڵ ماركۆ ئه‌سێنسیۆی یاریزانی ریال مه‌درید له‌ گفتوگۆدایه‌، بۆ ئه‌وه‌ی بیكاته‌ شوێنگره‌وه‌ی لیۆنێل مێسی، كه‌ نیازی جێهێشتنی پاریسی هه‌یه‌.

ئه‌سێنسیۆ به‌ دوائۆفه‌ری نوێكردنه‌وه‌ی گرێبه‌سته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ ریال مه‌درید رازیی نه‌بووه‌ و به‌ یانه‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، ئه‌م هاوینه‌ تیپه‌كه‌ جێده‌هێڵێت.

تۆڕی ESPN بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌سێنسیۆ له‌ چه‌ند كاتژمێری رابردوو له‌گه‌ڵ پاریس سانجێرمان له‌ گفتوگۆی پێشكه‌وتوودا بووه‌ و پێده‌چێت به‌بێ به‌رامبه‌ر روو بكاته‌ ئه‌و یانه‌یه‌.
پاریس ده‌یه‌وێت ده‌ستی خۆی پێش یانه‌كانی یوڤێنتۆس، میلان و ئه‌ستۆن ڤێللا بخات، كه‌ ئه‌وانیش ده‌یانه‌وێت ئه‌سێنسیۆ ببه‌نه‌ ریزه‌كانیان.

ئه‌م هه‌وڵانه‌ی پاریس له‌ كاتێكدایه‌، لیۆنێل مێسیی ئه‌ستێره‌ی یانه‌كه‌ ده‌یه‌وێت ئه‌م یانه‌یه‌ جێبهێڵێت، هه‌روه‌ها باس له‌ رۆیشتنی نه‌یماریش له‌ تیپه‌كه‌ ده‌كرێت.

به‌رپرسانی یانه‌ پاریسییه‌كه‌ ده‌یانه‌وێت هاوبه‌شێكی باش بۆ كیلیان ئێمباپێی هێرشبه‌ری یانه‌كه‌یان دابین بكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌ویش رازیی بێت ماوه‌یه‌كی زۆر له‌ تیپه‌كه‌دا بمێنێته‌وه‌.

یاریزانێكی ریال مه‌درید شوێنی مێسی ده‌گرێته‌وه‌