بەردەم چاکسازی گەورانی هەولێر. وێنە/سۆشیاڵ میدیا
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان: نەبوونی بودجە هۆکاری جەنجاڵی چاکسازییەکانە
توانا نەقی
لەسەر رەوشی چاکسازییەکانی هەرێم نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان وۆرکشۆپێکیان سازکرد.
لە وۆرک شۆپەکەدا کە نوێنەرانی سەرۆکایەتی هەرێم و وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان تیایدا بەژدار بوون، تیشک خرایە سەر باشترکردنی رەوشی چاکسازی و بنکەکانی راگرتن و مافی زیندانیان و راگرتوان.
دیندار زێباری، رێکخەری راسپارەدە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، نەبوونی بودجە لە چەند ساڵی رابردوودا هۆکاری سەرەکی بووە بۆ چارەسەر نەکردنی ئەو جەنجاڵییەی لە چاکسازیەکاندا هەیە.
دەشڵێت، لە رووی یاساییەوە دەبێت چاو بخشێنرێتەوە بە یاسا و رێنماییەکانی تایبەت بە چاکسازییەکان، هەروەها یاسای نوێ دەربکرێت و ئەو یاسایانەی کۆنن هەموار بکرێتەوە.
پێشتر لە مانگی ئازردا کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم لە بەرنامەی گفتوکۆدی 964 وە سەبارەت بە رەوشی چاکسازییەکان وتی، پرۆژە یاسای ماف و ئمتیازاتەکانی ئەوانەی لەناو چاکسازییەکاندان هەموارکراوەتەوە و دەدرێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت.
وتیشی، سەردانی چاکسازییەکانیان بە گشتی کردووە و بەڵی دۆخیان لە رووی جەنجاڵی و خزمەتگوزارییەوە باش نییە و پێویستە دۆخیان چاکتر بکرێت.