"دژ بە هەرێمی کوردستانە"
حکومەتی هەرێم: گۆڕینی مادەکانی بودجەی فیدراڵی قبوڵ ناکەین
964+
دێسکی کوردی
حکومەتی هەرێمی کوردستان گۆڕین و زیادکردنی چەند مادەیەک لە پرۆژەیاسای بودجەی عێراق بە دژی خۆی دەزانێت و دەڵێت، “قبوڵی ناکەین”.
ئەمڕۆ هەینی، 26.5.2023، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئەو هەڵوێستەی راگەیاند.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، “ئەو گۆڕانکارییانەی لەلایەن بەشێک لە ئەندامانی لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە رێکەوتی 25.5.2023 دژی هەرێمی کوردستان، لە سەر پرۆژە یاسای بودجە ئەنجام دران، نادەستورین و دژی رێکەوتنی حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵیە و هەروەها دژی پرەنسیپەکانی رێکەوتنی حکومەتی ئیدارەی دەوڵەت و بەرنامەی ئەو کابینەیەیە کە لە ئەنجومەنی نوێنەران دەنگی لەسەر دراوە”.
شەوی رابردوو، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق چەند بڕگەیەک بۆ مادەی 14ی پرۆژە یاسای بودجەی فیدراڵی زیادکرا، تیایدا هاتووە کە بڕیاری ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لای وەزیری دارایی عێراق دەبێت.
حکومەتی هەرێم باسی لەوەش کردووە، “ئێمە وەک حکومەتی هەرێم، بە هیچ شێوەیەک، ئەم ستەمکاری و پێشێلکردنەی مافەکانی خەڵکی کوردستان قبوڵ ناکەین و پابەندی هیچ بڕیارێکی دیکەش نابین جگە لەو رێکەوتنەی پێشتر لە گەل حکومەتی بەڕێز سوودانی کراوە”.
دانەوەى پاشەکەوتى موچە، رێگرى لە دەرهێنانى نەوتى کەرکوک و نەینەوا، دەرفەتدان بە پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بۆ وەرگرتنى پشکەکانیان لە بەغدا، لە دیارترین گۆڕانکارییەکانن، ئەوە جگە لە ناچارکردنى هەرێمی کوردستان بە رادەستکردنى نەوتەکەى بە کۆمپانیاى سۆمۆ بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیی و بەڕێوەبردنى دەروازە سنوورییەکان بە هاوبەشی.