ئاگرکردنەوە لە چوار دارستانی سلێمانی قەدەغە کرا
964+
فەهمی نەبی
بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی لە ئاگاداریەک رایگەیاندووە، لەمەوبەدوا ئاگرکردنەوە لەهەریەکە لە دارستانەکانی گۆیژە، ئەزمەڕ، هەڕوتە و دەباشان قەدەغەیە.
ئەو ئاگاداریەی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی ئەمڕۆ هەینی بووە، ئەوەش هاتووە لیژنەی فریاگوزاری خێرای سلێمانی لە کۆبونەوەی رۆژی 9.5.2023 ئەو بڕیارەیداوە.
راگەیانراوەکە ئاماژەی بەجۆری ئەو سزایە نەکردووە کە بەهۆیەوە ئەو کەسانەی پێ سزا بدرێت کە ئاگر دەکەنەوە، هێندە نەبێت دەڵێت سزای یاساییان دەدەین.
هۆشداریەکەی بەڕێوەبەرایەتی دارستان و پاوانی سلێمانی لەکاتێکدایە بەهۆی هاتنی وەرزی هاوین گژوگیای ئەو ناوچەیە بەرەو وشکبوون دەچێت و بەمەش مەترسییەکانی ئاگر کەوتنەوە زیاتر دەبێت، هۆشداری ئەو بەڕێوەبەرایەتییە بۆ ئەوانەشە کە جگەرە و نێرگەلە دەکێشن.
لەساڵانی رابردوو چەند جارێک ئاگر لە چیاکان دەکەوێتەوە، سێ ساڵ بەر لە ئێستا بەدیاریکراوی لە 4.9.2020 ئاگرێکی گەورە لە هەریەکە لە دارستانی ئەزمەڕ و گۆیژە کەوتەوە بەهۆیەوە بەشێکی زۆری دارستانەکان سوتان.