تۆز و خۆڵ 188 کەسی لە کەرکوک ناردە نەخۆشخانە

964+

کاروان ساڵحی – کەرکوک

فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک دەڵێت، خۆڵبارینەکەی دوێنێ پێنجشەممە تا ئێستا 188 کەسی تووشی تەنگەنەفەسی کردووە و رەوانەی نەخۆشخانەی شارەکە کراون.

كەشناسی دەڵێت، خۆڵبارینەکە لە دەشتاییەکانی موسڵەوە رووی لە پارێزگاکانی خوارووی عێراق کردووە.

درەنگانی شەوی پێنجشەممە، شەپۆلێکی خۆڵبارینی چڕ رووی کردووەتە شاری کەرکوک، ئێستا ئەو شەپۆلە بە رێژەیەکی بەرچاو کەمبووەتەوە، لە چەند کاتژمێری داهاتوو کاریگەرییەکەی کۆتایی دێت، کەشناسی وادەڵێت.

سامان یابە، بەرپرسی راگەیاندنی فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک بە 964ی وت، “لە کاتژمێر 10ی شەوی رابردوو تاوەکو کاتژمێر 12ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، 188 کەس بەهۆی تەنگەنەفەسیەوە رەوانەی نەخۆشخانەکانی شاری کەرکوک و دەووربەری کراون”.

سامان یابە دەڵێت، ئەو کەسانە چارەسەری پێویستیان وەرگرتووە و نەخۆشخانەیان بەجێهێشتووە.

حەسەن عەلی بەڕێوەبەری فەرمانگەی کەشناسی و بومەلەرزەزانی کەرکوک بە 964ی وت، “ئەو خۆڵبارینە سەرچاوەکەی لە ناوخۆوە بووە، بەدیاریکراوی لە دەشتاییەکانی موسڵەوە سەریهەڵداوە، لە ئێستادا لە پارێزگاکانی باکور و ناوەڕاست بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، لە چەند کاتژمێری داهاتوودا کۆتایی پێدێت”.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی