شێڵتەری گەرمیان: ژن هاتووە بۆ لامان هەردوو گوێچکەی بڕاون

964+
هونەر فارس – گەرمیان

لە ١١ی مانگی رابردوو، ٤٤ دۆسیەی توندوتیژی چووەتە شێڵتەری داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو له‌ گەرمیان، بەڕێوەبەرەکەیشی دەڵێت، “ژن هاتووە بۆ لامان کە هەردوو گوێی بڕاوە”.

ئەو ئامارە بۆ تەواوی ساڵی رابردوو، ٤٣ حاڵەت بووە.

شلێر عومەر، بەڕێوەبەری شێڵتەری داڵدەدانی گەرمیان بۆ 964+ وتی، دۆسییەکان بەراورد بە رابردوو توندوتیژی جەستەیین و لەلایەن خێزان و هاوسەره‌كانیانەوە، رووبەڕوویان کراوەتەوە.

964+ دەزانێت، ئەو دۆسیانەی دەچنە ئەو شێڵتەرە تەنیا لە سنوری گەرمیان نین، بەشێک لە ژنەکان عەرەبن و لە خوارووی عێراقەوە دێن و بەشێکی دیکەشی لە شار و شارۆچکەکانی دیکەی هەرێمی کوردستانەوە.
شلێر عومەر دەڵێت، مەترسی لەسەر ستاف و شوێنەکەیان هەیە و هەندێکجار لەلایەن کەسوکاری ئەو ژنانەی دەچنە لان، هەڕەشەیان لێدەکرێت و هەڵدەکوتنە سەر شوێنەکەیان، بەڵام بە هاوکاری هێزە ئەمنییەکان چارەسەری ئەو گرفتانە دەکەن.

ماوەی وەرگرتنی دۆسیەی ئەو ژنانەی لە شێڵتەری داڵدەدانی گـەرمیان وەردەگیرێن ٧٢ کاتژمێرە و گەر کێشەکەیان قورسبێ، ئەوا رەوانەی شێڵتەری هەمیشەیی دەکرێن لە شاری سلێمانی.