بە مۆڵەتی تایبەتەوە پیکاب لێخوڕە

+964

زینوێ راوی

لەمەولا دەتوانی بە مۆڵەتی تایبەت پیکابیش لێخوڕی، هاتوچۆی هەولێریش دەڵێ، پێویست ناکات مۆڵەتەکەت بگۆڕی و پیکاب لێخورە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر، لە راگەیانراوێکدا بۆ شوفێرانی ئۆتۆمبێلی تایبەت دەڵێ؛ لەمەولا دەتوانن بەهەمان مۆڵەتەوە پیکابیش لێخوڕن.

رێگەدان بۆ لێخوڕینی پیکاب کە پێشتر شوفێر دەبوایە مۆڵەتی گشتی هەبێت، لە کاتێکدایە رۆژانە هاوڵاتییەکی زۆر سەردانی بەشی مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دەکەن بۆ گۆڕینی مۆڵەتە تایبەتەکەیان و کردنیان بە مۆڵەتی گشتی.

+964دەزانێت، خواستی گۆڕینی مۆڵەتی تایبەت بۆ گشتی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ئێستا پیکاب هایلۆکس و زۆرێک لە پیکابەکانی دوو چاوەکان، گێڕ ئۆتۆماتیکن و هاوڵاتیان بۆ کاری تایبەتی بەکاری دەهێنن و، کاری گشتی و کرێی پێ ناکەن، بەڵام بەپێی رێنماییەکانی هاتوچۆ ئەو جۆرە پیکابانە تابلۆی زەردیان هەیە کە ئاماژەیە بۆ ئۆتۆمبێلی کرێ، بۆیە هەر کەسێکیش مۆڵەتی گشتی نەبێت ئەوا بۆی نیە ئۆتۆمبێلی گشتی لێخوڕێت.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر دەڵێ؛ سەرجەم هاوڵاتیان و شۆفێران ئاگادار دەکەینەوە کە پێویست ناکات سەردانیان بکەن بۆ گۆڕینی مۆڵەتەکانیان، ئەگەر مۆڵەتەکانیان بەسەر نەچووبێت ئەوا دەتوانن ئۆتۆمبیلی جۆری”پیکاب” لێبخوڕن.