قەرزە ١٠٠ ملیۆنییەکەی جوتیاران دەستیپێکرد
تا ئێستا ٣٠٠ جوتیار وەری گرتووە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی
پێدانی قەرزی کشتوکاڵی لە هەرێمی کوردستان دەستیپێکرد و زیاتر لە ٣٠٠ جووتیار و دەرچووی بەشی کشتوکاڵی و فێتێرنەری داوایان پێشکەش کردووە. وەزارەتی کشتوکاڵیش دەڵێ؛ هەموو جوتیارێک دەتوانێت داواکاری پێشکەش بکات.
هیوا عەلی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ بە 964+ـی راگەیاند؛ لەگەڵ بانکی قرتاسی ئیسلامی عێراقی رێککەوتنمان کردووە کە قەرز بە بڕی ١٥ ملیۆن تاوەکو ١٠٠ ملیۆن دینار بدرێت بە جوتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵ و فێتێرنەری بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان، ئەو قەرزەش دەستیپێ کردووە.
“جووتیارێکی دەشتی قەراج لە قەزای مەخمور بەناوی (محەمەد شەریف) یەکەمین جوتیارە، لەسەر رووبەری پەنجا دۆنم زەوی کشتوکاڵ دەکات، وەکو تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیان بەبڕی چل ملیۆن دینار لەو پڕۆژەیە سوودمەند بووە”. لە راگەیەنراوەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ هاتووە کە رۆژی شەممەی رابردوو لە پەیجی خۆیان لە فەیسبووک بڵاویان کردووەتەوە، ئەوەشیان ئاشکرایان کردووە کە لەدوو مانگی رابردوودا ٣٠٠ کەس داواکاری بۆ قەرزەکە پێشکەش بە وەزارەت کردووە.
بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵ وتیشی “ژمارەی ئەو کەسانەی کە قەرزیان پێدەدرێت سنووردار نەکراوە و پرۆسەی وەرگرتنی قەرز بەردەوام دەبێت و هەمیشەییە.”
بەو بڕە قەرزەی پێیان دەدرێت، دەبێت جوتیاران ئامێرەکانی راکێشانی کارەبا و مڕەشەی پلاستیکی ئاودێری و چەند پێویستەکی تری کشتوکاڵی بکڕن.