چەند ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەیە لە هەرێمی کوردستان؟
+964
توانا ناقی – هەولێر
لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا کەمتر لە ٢٠ ئۆتۆمبێلی کارەبایی هەن، لە رووی کوالیتی و خێراییەوە جیاوازییان نییە لەگەڵ ئۆتۆمبیلەکانی دیکە، ئەمە بە قسەی بەرپرسان.
ئۆتۆمبێلەکان تەواو کارەبایین، دوو شوێنیان هەیە بۆ بارگاویکردنەوە، ئەی سی و دی سی. ئەی سی زیاتر بەکاردەهێنرێت، کە بە کارەبای ماڵەوە کار دەکات، شەو تا بەیانی بارگاوی دەکرێتەوە، کە ٥٠٠ تاوەکو ٦٠٠ کیلۆمەتر دەتوانی پێی بڕۆی.
هێمن عەلی، بەڕێوەبەری ئۆتۆمبێل و ئامێرەکان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرکی هەرێمی کوردستان بە 964+ی وت، ژمارەی ئۆتۆمبێلی کارەبایی تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان کەمتر لە ٢٠ دانەن، هەر بۆیە وەکو ئۆتۆمبێلی ئاسایی مامەڵەی گومرکی بۆ دەکرێت، هێشتا لە وەرگرتنی باجی گومرکی و پێدانی ژمارە وەک ئۆتۆمبێلەکانی دیکە مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
964+ دەزانێت، هەرێمی کوردستان هیچ وێستگەیەکی بارگاویکردنی ئۆتۆمبێلی کارەبایی نییە، هەربۆیە بارگاویکردنەکە بە کارەبای ماڵان هەشت بۆ ١٢ کاتژمێری پێویستە، بەڵام ئەگەر لە وێستگەیەک بارگاوی بکرێتەوە، نیو کاتژمێر دەخایەنێت.
لە جیهاندا زیاتر لە ٤٠ کۆمپانیا خەریکی بەرهەمهێنانی ئۆتۆمبێلی کارەبایین. هەریەک لە چین، ئەمریکا، فەرەنسا و ئەڵمانیا پێشەنگی بەرهەمهێنانی ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلانەن.
بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەرێمی کوردستان، نزیکەی دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە كوردستان هەن، زیاد لە ملیۆن و نیوێکیان بە بەنزین كار دەكەن و ئەوەی دەمێنێتەوە یان کراوە بە سیستمی غاز یان ئۆتۆمبێلی هایبیردە کە هەم بەنزینە و هەم کارەبایی.