وەزیرى دارایى سوورە لەسەر بڕیارەکەى

سەرۆکى حکومەت دەستلەکارکێشانەوەى وەزیرى دارایى رەتکردنەوە

964+

وریا فەتاح

سەرچاوەیەک لە حکومەتى هەرێمى کوردستان بە 964ـى راگەیاند کە سەرۆکى حکومەتى هەرێم، دەستلەکارکیشانەوەکەى وەزیرى دارایى بەشێوەیەکى (قەتعى) رەتکردووەتەوە. بەڵام وەزیرى دارایى سوورە لەسەر بڕیارەکەى.

بە وتەى سەرچاوەکە، لە دوو رۆژى رابردوودا، لەبارەى بڕیارى دەستلەکارکێشانەوەکەى، مەسرور بارزانى سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران لەگەڵ ئاوات شێخ جەناب، وەزیرى دارایى کۆبووەتەوە.

“سەرۆکى حکومەت بەشێوەیەکى (قەتعى) دەستلەکارکێشانەوەکەى وەزیرى دارایى رەتکردووەتەوە، بەڵام وەزیرى دارایى سوورە لەسەر بڕیارەکەى و نەگەڕاوەتەوە بۆ دەوام”، سەرچاوەکە واى وت.

لەبارەى هۆکارى سووربوونى وەزیى دارایى لە بریارەکەى، ئەو سەرچاوەیە وتى،”ئەو هۆکارانەى بوونەتە هۆى دەستلەکارکێشانەوەى ئاوات شێخ جەناب، هیچى چارەسەر نەکراوە، بۆیە وەزیریى دارایى وتوویەتى بەبێ چارەسەرکردنى ئەو هۆکارانە، ناگەڕێمەوە بۆ دەوام”.

لە رۆژى 1.10.2026، ئاوات شێخ جەناب راگەیەندراوێکی لەسەر دەستلەکارکێشانەوەی بڵاوکردەوە و وتى، “بەهۆی تەداخولی سلبی ئیدارەی سلێمانی بووە لە کاروباری فەرمانگەکان و لە رێگەی هێزە ئەمنییەکانەوە هەڕەشە لە کارمەندانی فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی دارایی کراوە”.

ئاوات شێخ جەناب، هۆکاری دەستلەکارکێشانەوەی دەگەڕێتەوە بۆ تەداخولی سلبی ئیدارەی سلێمانی لە کاروباری فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەت و تا گەیشتە ئەو رادەیەی لە رێگای ئیرهاب و هەڕەشەکردن بە کۆماندۆ، دژەتیرۆر و ئاسایشەوە لە 29.09.2026 ئیعاز درا بە فەرمانگەکانی وەزارەت لە سنووری سلێمانی کە هەر فەرمانبەرێک پابەند بێت بە فەرمان و بڕیارەکانی وەزیری دارایی و ئابووری سزا دەدرێت، بۆیە منیش لە کەشوهەوایەکی ئەوها ناتوانم وەک تەماشاکەر سەیری فەرمانبەرەکانم بکەم، هەر بۆیە دەستلەکارکێشانەوەم پێشکەش کردووە.

ئاوات شێخ جەناب جەختی لەوە کردووەتەوە دەستلەکارکێشانەوەی “پەیوەندی بە داکۆکیکردنی ناڕەوا لە بە بەڕێوەبەری خانووبەرەی میری سلێمانییەوە نییە” و دەڵێت: خۆمان لیژنەی لێکۆڵینەوەمان بە چاودێری و سەرپەرشتی داواکاری گشتی پێکهێناوە بە ئاگاداری نووسینگەی جێگری سەرۆکی حکومەت، پێویستە چاوەڕێی دەرئەنجامەکان و راسپاردەکانی لیژنەکە بین، ئێستاش ئامادەین لە دادگاییکردنێکی ئاشکرا لە بەردەرکی سەرا یاخود لە هەر دادگایەکی بێلایەن ئەنجام بدرێت و تەواوی دۆسییەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لە وەزارەت پارێزراون بۆ هەر لایەنێک کە بیەوێت راستییەکان بزانێت.

لەسەر ئەو دۆسییانەی ناکۆکی دروستکردووە، ئاوات شێخ جەناب ئاماژە بەوە دەکات، “ئەو پێنج دۆسیەیەی ئەم بەڕێوەبەرەی لەسەر دەستگیرکراوە دوانی هی ساڵانی 2009و 2010ـیە بەر لەدەستبەکاربوونی، سێیەمیان لەسەر بڕی کرێی هاوتای زەوییەکی 600م دووجایە یە و چوارەم لەسەر مامەڵەی هاووڵاتییەکە کە جێگری بەڕێوەبەر پشتگیری پێداوە بۆ پۆلیس و پێنجەمیان تایبەتە بە کەیسێکی نێوان ئەو بەڕێوەبەرایەتییە و شارەوانی سلێمانی کە هەردوو لایەن حکومین و لەساڵی 2025 دادگا دۆسییەکەی داخستووە.”