29ـی ئەم مانگە بە فەرمی سزاکان تۆمار دەکرێن

هاتوچۆی سلێمانی: ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە تێستی ساڵێک بووە و کەسیش سزا نەدراوە

964+

فەرمان سادق

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی لەسەر تۆمارکردنی 385 هەزار سەرپێچی دەڵێت، ئەوەی بڵاوکرداوەتەوە ئاماری ساڵێکە و سەرپێچیش بۆ هیچ شوفێرێک تۆمار نەکراوە.

دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، تۆمارکردنی 385 هەزار سەرپێچی لە رۆژێکدا لە هاتوچۆی سلێمانی زانیارییەکی هەڵەیە و داتاکە بەهەڵە وەرگیراوە، هاتوچۆی سلێمانی دەڵێت ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ئاماری کۆمپانیا بووە.

بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی سلێمانی دڵنیایی دەداتە شوفێران کە ئەو ئامارەی بڵاوکراوەتەوە لەلایەن فەرمانبەری بەشی ئاماری کۆمپانیای جێبەجێکاری کامێراکان بووە و ئەو ئامارەشی بڵاوکراوەتەوە هی 24 کاتژمێردا نەبووە بەڵکو  تێستی کامێراکان بووە لە پارساڵەوە تا ئێستا.

دەشڵێت: هیچ کام لەو سەرپێچییانەی کە تۆمار کراون و دەکرێن لەلایەن کامێراکانی چاودێری خێرایی پۆینت تو پۆینت لە رێگای تاسڵوجە – دوکان هەژمار ناکرێت لەسەر هیچ شۆفێرێک، چونکە لە قۆناغی تێست دایە.

زیاتر وتیشی “کاتژمێر 8ـی بەیانی رۆژی دووشەممەی داهاتوو کە دەکاتە 29ـی ئەم مانگە، هیچ سزایەک لەسەر هیچ شۆفێرێک هەژمار ناکرێت، لە دوای ئەم کاتەوە کامێرای پۆینت توو پۆینت دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە بە شێوەیەکی کرداری”.