رۆیتەرز: وەستانی ھەناردەی نەوت زیانی ملیارێک و نیو دۆلاری لە هەرێم داوە

964+

هاوبەش ئەبوبەکر

بەھۆی وەستانی ھەناردەی نەوتەوە، حکومەتی ھەرێمی کوردستان بڕی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلار زیانی بەرکەوتووە، ئاژانسی رۆیتەرز وا دەڵێت.

بەپێی هەواڵێکی ئاژانسەکە، کە دوێنێ دووشەممە بڵاویکردووەتەوە، ئاستی بەرھەمھێنان لە کێڵگەی خورمەڵە بۆ نزیکەی 50 ھەزار بەرمیل لە رۆژێکدا کەمبووەتەوە.

وتەبێژی کۆمپانیای گەنەڵ ئێنێرجی بەریتانیش بە ئاژانسەکەی راگەیاندووە، ئێستا کێڵگەی نەوتی تەق تەق هیچ بەرهەمهێنانی نەماوە.

رۆیتەرز لە زاری چەند سەرچاوەیەکەوە ئاماژەی بەوەشداوە، کێشەی وەستانی هەناردەی نەوتی هەرێم بۆ بەندەری جەیهان “زیاتر سیاسییە نەک تەکنیکی”، تائێستاش تورکیا وەڵامی داواکارییەکەی عێراقی نەداوەتەوە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوتی ھەرێم.

ئاژانسەکە نووسیویەتی، ئاماژەیەکی کەمیش ھەیە بۆ دەستپێکردنەوەی ھەناردەی نەوت، چونکە ئەو بابەتە چەند ھەفتەیەکی دیکەی دەوێت نەک چەند رۆژێک.

رۆژی 25ـی ئاداری رابردوو، دادگای ناوبژیوانی پاریس تورکیای ناچارکرد بە راگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان.