وەزارەتی پەروەردە 20 رێنمایی بۆ ناونووسکردنی قوتابیان راگەیاند

964+

فەهمی نەبی

بۆ ساڵی داهاتوو وەرگرتنی قوتابیان لە ناوەندەکانی خوێندن لەسەر بنەمای شوێنی جوگرافی دەبێت و ماوەی دوو مانگیش دەستنیشانکراوە بۆ مامەڵەی وەرگرتن.

لە 20 رێنمایی نوێدا بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە باخچەی ساوایان و ناوەندەکانی دیکەی خوێندن لە قوتابخانە حکومی و ئەهلیەکان، وەزارەتی پەروەردە دەڵێت، شوێنی جوگرافی بنەمای یەکەمە و دەرگاکانی وەرگرتنیش لە سەرەتای مانگی داهاتوو، واتە مانگی حوزەیران، دەستپێدەکات تا سەرەتای مانگی ئابی داهاتوو، واتە ماوەی دوو مانگ دەرفەتە بۆ هاوڵاتیان مامەڵەی گواستنەوە و تۆمارکردنی قوتابیان ئەنجامبدەن، بۆ ئەمەش کارگێڕی قوتابخانەکان رۆژانی یەکشەممە و چوارشەممە دەوام دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە 22.5.2023، وەزارەتی پەروەردە ئەو 20 رێنماییەی دەرکردووە.

بەپێی رێنماییەکان بێت وەرگرتنی منداڵ لە باخچەی ساوایانی حکومی، پێویستە لەسەر بنەمای شوێنی جوگرافی بێت، بۆ ئەو باخچانەی منداڵی شوێنی دیکە وەردەگرن، پێویستە تیروپشکیان بۆ بکرێت.

پەیوەندیدار بە تەمەنیشیان دەبێت ئەوانەی لە قۆناغی یەک وەردەگیردرێن لەدایکبووی 1.1.2019 تاوەکو 31.12.2019 بێت، ئەوانەشی لە قۆناغی دوو وەردەگیردرێن دەبێت لەدایکبووی 1.1.2018 تاوەکو 31.12.2018 بن.

بۆ قوتابخانە سەرەتاییەکانیش لەدایکبووانی لەدایکبووی 1.1.2017 تاوەکو 31.12.2017 وەردەگیردرێن، لەگەڵ ئەمەشدا پێوەری شوێنی جوگرافی لەبەرچاو دەگیردرێت.

سەبارەت بەو قوتابخانانەی بە زمانی ئینگلیزی دەخوێنن، وەزارەتی پەروەردە رایگەیاندووە بەهیچ شێوەیەک تاقیکردنەوە و هەڵسانگاندن بە بڕیاری قوتابخانەکان ئەنجام نادرێت، بەڵکو بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردە بەشێوەی تیروپشک بڕیاری لێدەدات.

لێرە سەرجەم رێنماییەکان هەن: