پاڵەوانیەتی کیک بۆکسێنی عەرەب لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت
964+
یادگار محەمەد – سلێمانی
شاری سلێمانی باوەش دەکاتەوە بۆ پاڵەوانیەتی کیک بۆکسێنی وڵاتانی عەرەب.
بەهۆکاری ئەوەی کە یاری کیک بۆکسێن لە شاری سلێمانی بناغەیەکی بەهێزی هەیە و هەروەها چەندین پاڵەوان لەم شارەدا پێگەیشتوون و لە خول و پاڵەوانیەتییەکانی ناوخۆ و دەرەوەدا خاوەنی ئەنجامی باشن، بڕیارە لە سەرەتای مانگی تەمووزی ئەمساڵ، پاڵەوانیەتی کیک بۆکسێنی وڵاتانی عەرەب لە شاری سلێمانی بەڕێوەبچێت.
ئازاد محەمەد، جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی کیک بۆکسێنی عێراق لە لێدوانێکی تایبەت بۆ 964 وتی، بەهۆی ئەو مێژووە پرشنگدارەی کە شاری سلێمانی لە یاری کیک بۆکسێندا هەیەتی و لەگەڵ ئەوەشدا چەندین پاڵەوان لەم شارەدا توانیویانە رکابەری سەر ئاستی عێراق و پاڵەوانیەتییە جیهانییەکان بکەن و بوونی چەندین هۆڵی گونجاویش بۆ لە ئامێز گرتنی پاڵەوانێتی گەورە، وەک فیدراسیۆنی عێراق شاری سلێمانیان پێ گونجاو بووە بۆ بەرێوەچوونی ئەو پاڵەوانیەتییە گەورەیە.
وتیشی، لە ئێستاوە ئامادەکارییەکان لە شاری سلێمانی دەستیبپێکردووە، بۆ ئەوەی بە جوانترین شێوە ئەو پاڵەوانیەتییە لە ئامێز بگرن، ئەم پاڵەوانئەتییەش دەرفەتێکی گرنگ دەبێت بۆ پاڵەوانە کوردەکان تاوەکو بتوانن ئەنجامی شایستە بەدەست بهێنن.
بەپێی وتەکانی جێگری سەرۆکی فیدراسیۆنی کیک بۆکسێنی عێراق، تا ئێستا 10 وڵات ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ بەشداری کردن لەو پاڵەوانیەتییەدا، هەڵبژاردەی کیک بۆکسێنی عێراقیش کە سێ پاڵەوانی کورد لە خۆدەگرێت چاوی لە دەستەبەرکردنی ئەنجامی باشە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی